KDC

کۆنفیدراسیۆن پەیامێکی گرنگی بڵاوکردەوە

 

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە بۆنەی ٤٢ەمین ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان پەیامێکیان بڵاو کردەوە، کە وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئەو کارەساتە دڕندانەی رژێمی بەعس، دەشڵێن هەمان عەقڵیەت هەر ماوە و لە هەر کاتێکدا بێت هەمان تاوان بەرامبەر کورد ئەنجام دەدەنەوە، بەڵگەش بە بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناردنی درۆن بۆسەر هەرێمی کوردستان.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان

٤٢ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی عێراق لە ڕۆژی ٣١ی٧ی١٩٨٣ و لە دوای ڕاگواستنی بارزانییەکان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان، هەشت هەزار بارزانی لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمیی ئەنفال کۆمەڵکوژیی کردن.

جینۆسایدی بارزانییەکان بەشێک بوو لەو کۆمەڵکوژییانەی ڕژێمی بەعس، کە دژ بە گەلی کوردستان جێبەجێی کردن، وەک قۆناغی یەکەمی ئەنفال، دوواتر تەواوی کوردستانی گرتەوە، کە بە پێی سەرچاوەکان ١٨٢ هەزار هاووڵاتیی سیڤلی کوردستانی کۆمەڵکوژ کرد.

دوای ٤٢ ساڵ، هێشتا ئەو ئەقڵیەتەی ڕژێمی پێشووی عێراق هەر ماوە، ئێستاش گەر بۆیان بکرێت هەمان تاوان ئەنجام دەدەن، هاوشێوەی تاوانەکان ئەمڕۆ لە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و یاریی کردن بە موچەی موچەخۆرانی کوردستان، هێرشی تیرۆرستانەیان بە درۆن بۆسەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان، کە ڕۆژانە بەردوامیی هەیە، هێرشی میدیایی هەندێک لە بەرپرسانی عێراق بەشێکن لەو تاوانانە، کە ئێستا بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت.
لە ٤٢ەمین ساڵیادی هەشت هەزار بارزانی، کە یەکێک لە گەورەترین و دڕندەترین تاوانی مرۆڤایەتییە، سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی قوربانییانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دادەنەوێنین، هاوکات ڕێز و ستایش بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان دادەنەوێنین.
ئێمە هیواخوازین سەرجەم کوردستانییان یەک دەنگ و یەکڕیز بن تاکوو جارێکی دیکە بووار نەدرێتە دوژمنانی نەتەوەکەمان تاوانی هاوچەشن دژی گەلەکەمان دووبارە بکەنەوە.

نەمری بۆ گیانی پاکی هەشت هەزار بارزانی و گشت شەهیدانی کوردستان.

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە شکۆوە یادی سەربەرزیی شەهیدانی تاوانەکانی داگیرکەرانی کوردستان دەکاتەوە.

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
٣١ی٧ی٢٠٢٥

___

ئەڵمانیا: ئەکادیمیایەک سیمینارێکی سێ رۆژە بە ناونیشانی (تێڕوانینی کوردان لە ئەوروپاوە) ساز دەکات

KDC

فدراسیۆنی کەنەدا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە

nusar1

فرۆکەکانی ئیسرائیل بۆردومانی چەکدارانی ئیران دەکەن

KDC