لە کاتێکدا کە گەلی کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر هەڕەشەی قڕکردن و جینۆسایددان، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و کوردستانیانی نیشتیمانپەروەر لە دیاسپۆرا بە خۆپیشاندانی هێمنانە و ئارام، لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان لە پاڵپشتی لە گەلی خۆمان لە ڕۆژئاوا بەردەوامین.
یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی گەلی کوردستان کلیلی سەرکەوتن و هێزە، لەمڕوانگەیەوە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئەمڕۆ لە شاری کۆلنی ئەلمانییا ڕێپێوانێکی نیشتیمانی یەک ڕەنگ و یەک دەنگ لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستان بەڕێوەبەرین لە (Koln- Neumark)، بۆ ئەم مەبەستە پێمان باشبوو سەرجەم هێزە کوردستانییەکان بەیەکەوە دوور لە هەژموونی تاکلایەنانە و حیزبیانە لەم خۆپیشاندانە بەشداربن، بەڵام بەداخەوە دیارە هەندێ لایەن ویستیی سەپاندنی هەژموونی حیزبی و ئایدۆلۆژیانەیان هەیە بەسەر ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا. ئەم بابەتە لای کۆنفیدراسیۆن لە سۆنگەی بڕوابوونمان بە دروشمی سەرەکی کۆنفیدراسیۆن یەکگرتنمان هێزمانە، قبول کراو نییە.
ئاگاداری کوردستانیان دەکەینەوە کە هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن کە گوایە خۆپیشاندانی کۆنفیدراسیۆن لە شوێنی دیاری کراو ڕاگیراوە، ڕەت دەکەینەوە و ئاگادارتان دەکەینەوە کە خۆپیشاندانی کوردستانی دوور لە مۆرکی حیزبی لە (Koln- Neumark) بەردەوام دەبێت و لە هەفتەی داهاتووشدا بە بەشداری دەیان هونەرمەندی کوردستانی لە شاری بۆن ڕێپێوانێکی نیشتیمانی کوردستانی بەرفراوان بەڕێوەدەچێت.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
٢٤ کانونی دووەمی ٢٠٢٦
