KDC

پەیامی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەبۆنەی ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە

کوردستانییانی خۆشەویست
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
ئەمڕۆ نەتەوەکەمان یادێکی پڕ لە ئازار و برینێکی قووڵی مێژووی خۆی دەکاتەوە، کە ئەویش ساڵیادی تاوانی گەورەی کیمیابارانی شاری هەڵەبجەیە لە 16ی ئاداری 1988.
لەو ڕۆژەدا، ڕژێمی دیکتاتۆریی پێشووی عێراق بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی، یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دژی گەلەکەمان ئەنجامدا، کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە 5000 هاووڵاتیی بێتاوان و برینداربوونی هەزارانی دیکە و وێرانبوونی شارێکی دێرینی کوردستان.
ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لەم یادە خەمناکەدا بەڵێن بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان و گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە و دووپاتی دەکەینەوە کە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی، بەردەوامین لە هەوڵە دیپلۆماسی و یاساییەکانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. تەواوی توانا و پەیوەندییەکانمان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو تاوانە گەورانەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا دژ بە گەلی کورد ئەنجام دراون، لە پەرلەمان و حکومەتی وڵاتانی جیهان و ناوەندە یاسایی و سیاسییە نێودەوڵەتییەکان بە فەرمی وەک تاوانی جینۆساید بناسێندرێن.
هاوکات، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هەوڵەکانی ناوەستێت بۆ داواکردن و سەپاندنی مافی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی بۆ قوربانیان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، ئێمە بڕوامان وایە کە بەدیهێنانی دادپەروەریی ڕاستەقینە تەنها بە دادگاییکردنی تاوانباران کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێت دەوڵەتی عێراق پابەند بکرێت بە قەرەبووکردنەوەیەکی شایستە و دادپەروەرانەی تەواوی ئەو زیانانەی بە گەلەکەمان و ژینگەی کوردستان گەیشتوون.
هەڵەبجە هێمای قوربانیدان و ناسنامەی ستەملێکراویی نەتەوەکەمانە لە جیهاندا، ئەرکی هەموومانە بیکەینە هەوێنی یەکڕیزی و کارکردنی هاوبەش بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە کارەساتێک لە داهاتوودا.
سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
سەربەرزی و سەبووری بۆ کەسوکاری شەهیدان و هیوای تەندروستی بۆ بەرکەوتووانی ئەم تاوانە.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
16ی ئاداری 2026

___

ئێران هاووڵاتییەکی دیکەی کورد دەستگیر دەکات

KDC

یانەی نەورۆز نازناوی خولی ئەمساڵیان بەدەستهێنا

nusar1

تابلۆی ئوتومبێلی ھەرێم و عێراق یەک دەخرێت

KDC