KDC

پەیامی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە یادی چل و شەش ساڵەی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلیدا

ئەمڕۆ نەتەوەی کورد یادی کارەساتێکی گەورە و برینێکی قووڵی مێژوویی دەکاتەوە، تێپەڕبوونی چل و شەش ساڵ بەسەر تاوانی جینۆسایدکردن و لەناوبردنی سیستماتیکی کوردانی فەیلی، هێشتا نەیتوانیوە ئازاری ئەم ستەمە گەورەیە لە ویژدانی نەتەوەکەماندا کاڵ بکاتەوە.
ڕژێمی بەعسی لەناوچوو لە ساڵی 1980 دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پیلانێکی دڕندانە بەرامبەر بە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە کوردانی فەیلی، ئەم تاوانە تەنها کوشتن و بێسەروشوێنکردنی دەیان هەزار مرۆڤی بێتاوان نەبوو، بەڵکو پرۆسەیەکی تەواوەتی بوو بۆ سڕینەوەی ناسنامە، لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامان، دەرکردنیان بۆ دەرەوەی زێدی باوباپیرانیان، تەنها لەبەر ئەوەی کورد بوون و خاوەنی هەڵوێستێکی نەتەوەیی پەسەند بوون.
کوردانی فەیلی هەمیشە بەشێکی ڕەسەن و جیانەکراوەی جەستەی نەتەوەی کورد بوون و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا ڕۆڵێکی پێشەنگ و گیانبازانەیان گێڕاوە، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وەک نوێنەری دەنگی ڕەوەندی کوردستانیان لە سەرتاسەری جیهان، بە پێزانینێکی زۆرەوە دەڕوانێتە قوربانیدان و خۆڕاگریی ئەم بەشە ئازیزەی گەلەکەمان و خەباتیان بەرز دەنرخێنێت.
لە پەراوێزی ئەم یادە خەمناکەدا، جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بەپێی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان، قەرەبووی مادی و مەعنەوی کوردانی فەیلی بکاتەوە، داواکارین سەرجەم مافە زەوتکراوەکانیان، لەوانەش گەڕاندنەوەی ڕەگەزنامە و موڵک و ماڵیان، بەبێ هیچ مەرج و بیانوویەک، هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین ئەم تاوانە بە شێوەیەکی فەرمی لە ئاستی جیهانیدا وەک جینۆساید بناسێنن، بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە لە داهاتوودا.
سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردانی فەیلی و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
سەربەرزی و تەمەندرێژی بۆ کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەم کارەساتە.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
4ـی نیسانی 2026

___

ناوەندی هانۆڤەر و کوردستانییانی ڤۆلسبۆرگ کۆڕێکیان سازکرد

nusar1

پڕۆژە یاسایەکی کۆنگرێسی ئەمەریکا ئیخوان موسلیمین ڕێکخراوێکی تیرۆریستن

KDC

بەریتانیا: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی ، ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کوردو ئەنجومەنی کلتوری کورد ڤستیڤاڵێک ساز دەکەن

nusar1