KDC

بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش مێژوویەکە بۆ پاراستنی گەلی کورد و زەنگێکە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمڕۆ

لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا و لە ساڵی 1991، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوێکی مێژوویی و چارەنووسسازیان نا بە دەرکردنی بڕیاری 688، ئەم بڕیارە بووە هۆی ڕزگارکردنی گەلی کوردستان لە کۆمەڵکوژی و ستەمی ڕژێمی پێشوو، هەروەها وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ژیانی خەڵکی سڤیل لە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ کە یادی ئەو بڕیارە گرنگە دەکەینەوە، جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە کە جارێکی تر هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێرش و دەستدرێژیی ناڕەوا دەبێتەوە، ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی دڕندانە دەکرێنە سەر خاکی کوردستان و ئامانج لێیان تێکدانی ئارامیی هەرێمەکەیە و ژیانی هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.

لە ئەنجامی ئەم دەستدرێژییانەدا، خەڵکی سڤیل و بێتاوان دەبنە قوربانی و ماڵ و حاڵی هاووڵاتییانی کوردستان وێران دەکرێت. هەروەها بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی قارەمان، ئەو هێزەی کە نەک تەنها قەڵغانی پاراستنی کوردستانە، بەڵکوو ڕۆڵێکی سەرەکیی و بەرچاوی هەبووە لە پاراستنی سەقامگیریی هەموو عێراق و تێکشکاندنی تیرۆردا، جێگەی داخێکی زۆرە کە بەهۆی ئەم هێرشە ناڕەوایانەوە ڕۆڵەکانمان شەهید و بریندار دەبن و ناوچەکانمان وێران دەکرێن.

بۆیە ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی دەرچوونی بڕیاری 688، بە توندی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەتی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین کە لە ئاست ئەم تاوانانەدا بێدەنگ نەبن، داواکارین هەمان ڕۆڵی مێژوویی خۆیان ببینن و بەپەلە بێنە دەنگ بۆ ڕێگریکردن لەو هێرش و پێشێلکارییانەی ئێستا دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ژیانی خەڵکەکەی بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نێودەوڵەتییە، نابێت چیتر ڕێگە بدرێت خوێنی خەڵکی سڤیل و پێشمەرگە بڕێژرێت و مافەکانمان پێشێل بکرێن.

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
5ـی نیسانی 2026

___

سوید پەنابەران دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکاتەوە

nusar1

ئەنتۆنیۆ گۆترێش: پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان بکەین

KDC

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووە ئەرکی مینۆرۆس لە بیابانی ڕۆژئاوە بۆ ساڵێکی تر درێژکردەوە

KDC