ئەمڕۆ هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، پەیامێکی هاوخەمی و سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادەی ڕۆژنامەنووس فەرهاد محەممەد، ستافی گۆڤاری گوڵان و سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کرد و کۆچی دوایی خوالێخۆشبووی بە کەلێنێکی گەورە لە نێوەندی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا ناو برد.
فەرهاد محەممەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان و یەکێک لە قەڵەمە دیار و کەسایەتییە ناسراوەکانی بواری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کوردستان بوو، کە بە درێژایی تەمەنی پیشەیی خۆی لە ڕێگەی گۆڤاری گوڵان و نووسین و کارە ڕۆژنامەوانییەکانییەوە خزمەتێکی بەرچاوی بە وشە و فەرهەنگی کوردی و گەیاندنی زانیاری و هۆشیاری بە خوێنەرانی ناوخۆ و کوردستانیانی دەرەوەی وڵات کردووە.
دەقی پەیامەکە:
خانەوادەی رۆژنامەوانی خوالێخۆشبوو کاک فەرهاد محەمەد
ستافی بەڕێزی گۆڤاری گوڵان
سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
کۆچی دوایی قەڵەم بەدەستێکی دیار و ڕۆشنبیرێکی خەمخۆری گەلەکەمان، کاک فەرهاد محەممەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان و کەسایەتیی ناسراوی بواری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، کەلێنێکی گەورە لە نێوەندی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا جێدەهێڵێت و لە دڵەوە هەموومانی خەمبار کرد.
خوالێخۆشبوو بە درێژایی تەمەنی پیشەیی خۆی، نموونەیەکی بەرزی دڵسۆزی، سەنگینی و پابەندبوون بوو بە بەها نیشتمانییەکانەوە، لە ڕێگەی گۆڤاری گوڵان و نووسین و کارە ڕۆژنامەوانییەکانییەوە، توانیی خزمەتێکی گەورە بە وشە و فەرهەنگی کوردی بکات و ببێتە پردێکی پتەوی زانیاری و هۆشیاری بۆ خوێنەرانی ناوخۆ و کوردستانیانی دەرەوەی وڵاتیش.
لەم کۆستە خەمناکەدا، بە ناوی خۆم و ڕەوەندی کوردستانییەوە، لە قووڵایی دڵەوە هاوبەشی ماتەمینیی ئێوەی بەڕێزین، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە سەربەرزەکەی، هاوکار و هاوپیشەکانی لە گۆڤاری گوڵان، و تەواوی رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەین.
یادی کاک فەرهاد و بەخششە فیکری و پیشەییەکانی هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە، لە پەروەردگاری مەزن دەپاڕێینەوە گیانی بە سۆز و میهرەبانیی خۆی شاد بکات، جێگەی بەهەشت بێت و سەبووری و ئۆقرەیی ببەخشێتە دڵی هەموو لایەک.
شفا بارزانی
سەرپەرشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی
13ـی تشرینی دووەمی 2026


