KDC

کورد؛ گەلێک لە نێوان سنورە دەستکردەکاندا

نوسینی: داڤان یەحیا خلیل

ئێمەی کورد بە خوێنی شەهیدان و بە ساڵانێکی درێژی خەبات و قوربانی، ئەم کوردستانەی ئێستامان بنیات ناوە. ئەم ناوچەیەی کە زۆرێک لە وڵاتانی دەرەوە تەنها بە ناوی «هەرێمی کوردستان» دەناسن، لە ڕاستیدا ئەنجامی دەیان ساڵ تێکۆشان، بەرخۆدان و فیداکاریی گەلی کوردە.

گەلی کورد بە هێزی خۆی و بە پشتبەستن بە ئیرادەی خۆی گەیشتووە بە ئەم ئاستەی بەڕێوەبردن. لە جیهاندا کەمتر نەتەوەیەک هەیە کە بە ئەم قەبارەیە خەبات و قوربانی دابێت بۆ ئەوەی بەشێک لە مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت. لە هەمان کاتدا، زۆربەی سنورەکانی وڵاتە دراوسێیەکان نە بە ویستی گەلان، بەڵکو لە پشت دەرگا داخراوەکان و بە پێنوسی سیاسەتی ناعادلانە دیاریکراون؛ هێڵێکیان بە دەوری خۆیان کێشاوە و ناویان ناوە سنور.

بەتایبەتی ئەو چوار وڵاتەی کە کوردستانیان دابەش کردووە، زۆرجار کورد بە چاوێکی گومان و تۆمەتەوە دەبینن، وەک ئەوەی گوایە کورد داگیرکەرن یان جوداخوازن. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەگەر باس لە ماف و دادپەروەری بکرێت، گەلی کورد لە زۆربەی ئەوان زیاتر مافی ئەوەی هەیە کە خاوەنی وڵات و سنوری خۆی بێت؛ سنورێک کە بە ڕاستی مافی مێژوویی و نەتەوەیی ئەم گەلەیە، نەک سنورێک کە بە پێنوسی سیاسەت و بە شێوەیەکی دەستکرد کێشراوە.

لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە ناوەندی سەرنجی وڵاتە زلهێزەکان. زۆربەیان نیگەرانی سەرمایە، نەوت و گاز، بازرگانی و بنکە سەربازییەکانی خۆیانن. بەڵام کورد بە ساڵانێکی زۆر رووبەڕووی ئەم هەلومەرجانە بووەتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە بابەتی سەرەکیی بەرژەوەندیی ئەو هێزانە.

ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە سیاسی و ستراتیژییانەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێن بەردەوام بن، دوور نییە کە ڕێکخستنە سنوورییەکانیش بگۆڕدرێن. ئەو سنورانەی کە لە ناو پەیماننامەی لۆزاندا دیاریکران، لەوانەیە لە داهاتوودا بە شێوازێکی نوێ پێکهاتنەوەیان ببینرێت. لەو بارودۆخەدا، هیوای ئەوە هەیە کە کورد چیتر لە مەترسی و نادادپەروەری نەبێت و سنوری کوردستانیش بە شێوەیەکی ڕوون دیاربکرێت، بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد ببێتە خاوەنی وڵاتێکی سەربەخۆ.

لە هەمان کاتدا، ئەگەر ئەو ڕۆژە بێت کە کورد وڵاتێکی سەربەخۆی هەبێت، دەتوانێت ببێتە یەکێک لە جوانترین وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پێکەوە ژیان، کە هەموو نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان بتوانن بە ئاشتی و یەکسانی لە نێو سنورەکانی بژین.

هەر وەکو  وتەیەکی ناسراو  دەڵێت:

«ئەگەر بتەوێت ئازاری کورد تێبگەیت، تەنها یەک ڕۆژ کورد بە.»

لە کۆتاییدا، زۆرجار وا هەست دەکرێت کە کورد بوون وەک ئەوە وایە کە تاوانێکت کردبێت. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە کوردبوون تاوان نییە؛ بەڵکو مێژوویەکی قورس، پڕ لە خەبات، ئازار و شانازییە.

___

(دەوەن)ی جوانەمەرگ لە پەراوێزی مەرگی خەتەر و سەرەقەڵەمی باسێکی هونەر دا…

nusar1

36 ساڵ بەسەر بۆردوومانی کەمپی زێوە تێدەپەڕێت.

KDC

لە پەراوێزی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا

KDC