KDC

فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دانیمارک بە ڕێزلێنان لە ئافرەتانی کورد یەکەمین چالاکیی خۆی بەڕێوەبرد

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە، فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دانیمارک، بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و هاونیشتمانیانی هەر چوار پارچەی کوردستان، یەکەمین چالاکیی فەرمیی خۆی لە دوای دامەزراندنییەوە بەڕێوەبرد ,  وەک پێزانینێک بۆ خەباتیان ڕێز لە 14 ئافرەتی چالاکی کورد گیرا.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد، دواتر وەلید ئاکرەیی، سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دانیمارک، گوتاری فەرمیی فیدراسیۆنەکەی پێشکەش کرد و بە گشتی  باسی لە کار و ئەرک و ئامانجەکانیان کرد، هەر لە چوارچێوەی بەرنامەی چالاکییەکەدا، خوانێکی بەربانگ بۆ ئامادەبووان ڕێکخرا.


لە بڕگەیەکی تایبەتی مەراسیمەکەدا، وەک دەربڕینی پێزانین بۆ ڕۆڵ و کاریگەرییان، ڕێز لە 14 ئافرەتی کورد گیرا کە خزمەتێکی زۆریان کردووە لە پێناو ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بە گەلانی ئەوروپا و بەتایبەتی کۆمەڵگەی دانیمارکی، بۆ ئەو مەبەستەش 14 گوڵ پێشکەش بەو ئافرەتانە کرا.
بەشێکی دیکەی چالاکییەکە تەرخان کرابوو بۆ لایەنی کولتووری و هونەری، کە تێیدا چەندین پارچە شیعر خوێندرانەوە و دواتریش تا درەنگانی شەو بە گۆرانی و مۆسیقا و هەڵپەڕکێی ڕەسەنی کوردی کۆتایی بە مەراسیمەکە هێنرا.
لە میانی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەدا، وەلید ئاکرەیی ڕایگەیاند: ئامادەکارییان کردووە بۆ دووەمین چالاکیی فیدراسیۆنەکە، کە ئەویش گێڕانی ئاهەنگی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزە لە ڕێکەوتی 20 ی ئاداری 2026 کە بە چەندین بڕگە و چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت.

فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دانیمارک، ڕێکخراوێکی نوێی تاراوگەیە و لە ڕێکەوتی 21 ی مانگی ڕابردوو بە فەرمی دامەزراوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم فیدراسیۆنە یەکخستن و کۆکردنەوەی ڕەوەندی کوردە لەو وڵاتە و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووریی کوردە لە تاراوگە، هەروەها کار دەکات بۆ دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان کۆمەڵگەی کوردی و گەلی دانیمارکیدا لە ڕێگەی چالاکییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانەوە.

___

هەولێر: تاهیر هەورامی پێشوازی لە فەزیلە شۆڕش دەکات

nusar1

ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە سەرمایەی کوردستانە

nusar1

ئەڵمانیا لە لوتکەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ژمارەی داواکاری مافی پەنابەری

KDC