کاتێک ئابووریناسان لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بە زمانێکی سارد و پڕ لە ژمارە باس لە “کورتهێنانی بودجە”، “داڕمانی بازاڕ” دەکەن، ڕەنگە درک بەوە نەکەن کە ئەم چەمکە وشکانە لە ناو ماڵەکاندا چۆن وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی واقیع. لە کۆمەڵگەی کوردیدا، قەیرانی ئابووری مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوودەدات تەنیا بەتاڵبوونی گیرفانەکان نییە، بەڵکو ژەهرخواردکردنی ڕۆحی تاکی کوردە. پارە لە جیهانی هاوچەرخدا تەنیا کاغەزێک نییە بۆ کڕینی پێداویستی, بەڵکو هێمایەکە بۆ مانەوە لە ژیان ، ئاسایش و دڵنیایی لە سبەینێ. کاتێک ئەم هێمایە بەردەوام لە لێژبووندایە، تەندروستی دەروونی کۆمەڵگە دەبێتە یەکەمین و گەورەترین قوربانی کە لە ژێر چەکوشی بێهیواییدا هاڕینی بەردەوامی بەردەکەوێت.
بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە، دەبێت سەرەتا لەوە تێبگەین کە ونبوونی ئاسایشی دەروونی چۆن دەستپێدەکات. کاتێک تاکی کورد دەبینێت ناتوانێت پلانی مانگێک یان ساڵێکی داهاتووی دابنێت چونکە نازانێت داهاتی چۆن دەبێت، لێرەوە یەکەم چەکوشی داڕمانی دەروونی وەشاندنی خۆی دەکات. ئەم ونبوونە دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێیەکی درێژخایەن کە وەک سێبەر بەدوای هەموانەوەیە و لە ناو جەرگەی ژیانی ڕۆژانەدا ڕەنگدەداتەوە.
لە کێشەی داراییەوە بۆ تەڵاق و داڕمانی خێزان
خێزانی کوردی کە هەمیشە بە شانازییەوە وەک قەڵایەکی پتەوی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرا، ئێستا لە ژێر زەبری قەیرانی ئابووریدا درزی گەورەی تێبووە. ئامارە فەرمییەکانی دادگاکان لەم ساڵانەی دواییدا ترسناکترین ڕاستیمان پێدەڵێن: ڕێژەی جیابوونەوە (تەڵاق) بە شێوەیەکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە. کاتێک بە قووڵی دەچیتە ناو هۆکارەکان، دەبینیت زۆربەی کێشەکان لەسەر نەبوونی پاره، نەتوانینی دابینکردنی بژێوی، یان قەرزاربوونی سەرۆکی خێزان دەستپێدەکەن.
سەرباری ئەوەش، کاتێک باوکێک یان دایکێک ناتوانن سادەترین داواکاری منداڵەکانیان دابین بکەن، تووشی جۆرێک لە “شەرمەزاری دەروونی” و “هەستکردن بە کەمکوڕی” دەبن لە ناوخۆیاندا. ئەم ناهاوسەنگییە دەروونییە لە ناو ماڵدا بە شێوەی تووڕەیی، هاوارکردن و توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان ڕەنگدەداتەوە. ماڵێک کە دەبوو مەڵبەندی ئارامی بێت، دەبێتە گۆڕەپانی جەنگێک کە هەموو چەکەکانی لە بێهیوایی ئابوورییەوە سەرچاوە دەگرن.
گەورەترین تاوان کە قەیرانی ئابووری لەم قۆناغەدا دەرهەق بە کۆمەڵگەی کوردی دەیکات، کوشتنی هیوایە لای گەنجان. گەنجێک کە شازدە بۆ بیست ساڵ لە تەمەنی خۆی بە خوێندن بەڕێ دەکات، بەو هیوایەی ڕۆژێک ببێتە خاوەن کار و پێگەی خۆی، کاتێک دەردەچێت و خۆی لە بەردەم دەرگای داخراوی دامەزراندن و بازاڕێکی داڕماودا دەبینێتەوە، تووشی “نامۆبوونی کۆمەڵایەتی” دەبێت.
ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی گەنجان تووشی خەمۆکییەکی قووڵ ببن. کاتێک داهاتوو لێڵ و تاریک بێت، مرۆڤ پاڵنەری بۆ کارکردن و ژیان نامێنێت. دواکەوتنی تەمەنی هاوسەرگیری، بێزاری لە نیشتمان، و لە هەمووشیان مەترسیدارتر، پەنابردنە بەر کۆچکردن و هێلانەکردن لە نێو شەپۆلەکانی دەریادا، سادەترین نیشانەی ئەو جەنگە دەروونییەن کە گەنجی کورد پێیدا تێپەڕ دەبێت. ئەو گەنجەی کە دەبوو هێزی داهێنانی وڵات بێت، ئێستا لە چایخانەکان یان لە پشت شاشەی مۆبایلەکانەوە تەنیا کات دەکوژێت، چونکە بێهیوایی دەروونی ڕێگای گرتووە لە هەموو جوڵەیەکی ئەرێنی.
پەیوەندی نێوان دەروون و جەستە، پەیوەندییەکی سەلمێنراوە. قەیرانی ئابووری لە ڕێگەی دروستکردنی گوشاری دەروونی بەردەوامەوە ، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەیی تاکی کورد داناوە. بەرزبوونەوەی ڕێژەی جەڵتەی دڵ و مێشک لە نێوان گەنجاندا، و بێخەوی درێژخایەن، زۆربەی ئەوانە دەرئەنجامی ئەو خەمە قورسەن کە مرۆڤەکان لە دڵیاندا هەڵیدەگرن.
کۆمەڵگەیەک کە نیوەی زیاتری هاوڵاتیانی شەوان بە دڵەڕاوکێی قەرز و کرێی خانوو و بژێوی سبەینێوە دەخەون، چۆن دەکرێت کۆمەڵگەیەکی تەندروست بێت؟ لێرەوەیە کە دەبینین حەوسەڵەی کۆمەڵایەتی کەمبووەتەوە؛ خەڵک لە سەر جادەکان لەسەر بچووکترین لێکتێنەگەیشتن شەڕ دەکەن، ڕێژەی تاوان و خۆکوشتن ڕووی لە هەڵکشان کردووە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە “بەرگری دەروونی” کۆمەڵگەکەمان گەیشتووەتە خاڵی صفر.
لە گەرمەی ئەم قەیرانە دەروونی-ئابوورییەدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبری ئەوەی ببنە هۆکارێک بۆ هۆشیاری، بوونەتە هۆکاری زیاترکردنی گرژییە دەروونییەکان. پیشاندانی ژیانی شاهانە و درۆینی ئینفلوێنسەرەکان، چاوچنۆکی بازرگانی، و نمایشکردنی سەرمایە لە کاتێکدا زۆربەی کۆمەڵگە لە ژێر هێڵی هەژاریدایە، جۆرێک لە “حەسادەتی کۆمەڵایەتی” و “بێزاری لە خۆ” لای تاکی هەژار دروست دەکات. مرۆڤی کورد کاتێک بەراوردی ژیانی ڕاستەقینەی خۆی و ژیانی سەر شاشەکان دەکات، زیاتر هەست بە شکست دەکات، ئەمەش خەمۆکییەکەی قووڵتر دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا، دەبێت بڵێین قەیرانی ئابووری تەنیا باخەڵی خەڵکی بەتاڵ نەکردووە، بەڵکو ڕۆحی خەڵکیشی بریندار کردووە. ئەگەر بە زوویی بیر لە چاکسازی ڕیشەیی لە بژێوی مرۆڤەکاندا نەکرێتەوە، لە داهاتوودا لەوانەیە خاوەنی باڵەخانە و شەقامی جوان بین، بەڵام لە ناویدا کۆمەڵگەیەک دەژی کە لە ناوەوە داڕماوە و ڕۆحی ماندووە.
عەلی جەمال
