KDC

چەپڵەڕێزانی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ دەركردنی كۆچبەران!

لە چەند ساڵی ڕابردوودا پرسی کۆچبەر و پەنابەران
بووەتە یەکێک لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین بابەتەکانی سیاسەتی ناوخۆی یەکێتیی ئەورووپا. ئەوەی لەم ڕۆژانەی دواییدا لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕووی دا، تەنیا پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ نەبوو بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران، بەڵکوو نیشانەی گۆڕانێکی قووڵە لە بیرکردنەوەی سیاسەتی  ئەورووپا هەمبەر تێکڕای کۆچبەران، گۆڕانێک کە لە ئاستی سەرەتایی خۆیدا پرسیارێکی گرنگ دەورووژێنێت: ئایا ئەورووپا لەپێناو پاراستنی سنوورەکانی بەئارامی، لە بەهاکانی خۆی دوور دەکەوێتەوە کە پێیان دەگوترێت وڵاتانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ.
پەسەندکردنی یاساکە بە زۆرینەی ٤١٨ دەنگ بەرامبەر ٢١٨ دەنگ، بە شێوەیەکی ڕوون پیشانی دەدات کە لەنێو دامەزراوە سیاسییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، ئاراستەیەکی نوێی بەهێز هاتووەتە ئارا؛ ئاراستەیەک کە باوەڕی وایە سیاسەتەکانی پێشووی لەمەڕ کۆچبەران شکستیان هێناوە و پێویستە دەسەڵاتەکان ئامرازی توندتر و کاریگەرتر بەکار بهێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و هاتنی کۆچبەران.
‎چەند هۆکارێک لەپشت دەرچوونی ئەم بڕیارەن
‎یەکەم: شکستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ زێدی خۆیان.
‎ئامارەکانی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنیا نزیکەی ٢٠٪ لە بڕیارەکانی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران جێبەجێ دەکرێن.
‎واتا لە هەر ١٠ کەسێک کە بڕیاری گەڕاندنەوەیان دراوە تەنیا دوو کەس بەڕاستی دەگەڕێندرێنەوە، ئەم دۆخە لەلایەن زۆر لە دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لەڕێی یاسایی نەتوانراوە کاریگەریی تەواو دروست بکەن، هەر بۆیە بووەتە پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ داڕشتنی ڕێسا و بڕیاری نوێ لە پەرلەمانی ئەورووپا.
‎دووەم: هەڵکشانی هێزە ڕاستڕەو و ناسیۆنالیستەکان. لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵانی دواییدا، حزبە ڕاستڕەو و ناسیۆنالیستەکان لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا، وەک ئیتالیا، هۆڵەندا، بەلجیکا، فەڕەنسا، ئاڵمانیا و سوید، … هتد ، دەنگ و هێزی بڕیاردانی زیاتریان بەدەست هێناوە.
‎ئەم هێزانە پرسی کۆچبەرییان کردووەتە تەوەری سەرەکیی بانگەشە سیاسییەکانیان و داوای سنووردارکردنی کۆچبەری و خێراترکردنی دیپۆرتکردنەوە دەکەن، هەر بۆیە حزبەکانی دیکەی سەر بە هێڵی ناسۆنالیزم، بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان و دەنگدەرانەکانیان لەدەست نەدەن، بە سیاسەتێکی هاوتەریب لە دژی پەنابەران کار دەکەن و لەو هەڵوێستانە نزیك بوونەتەوە کە هەر بڕیارێک دژی پەنابەران بدرێت ئەوا پشتیوانیان دەبن.
‎سێیەم: ترسی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئاسایشی ناوخۆی وڵاتانی ئەورووپا.
‎هەندێک لە حکوومەتە ئەورووپاییەکان باوەڕیان وایە کە جووڵەی کۆچبەران لەسەر سنوورەکان کەم کۆنتڕۆڵ دەکرێت، چونکە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا هیچ دەروازەیەکی سنوورییان لەنێوان وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکەی ئەندام لە یەکێتییەکەدا نییە، بۆیە پێیانوایە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئاسایشی ناوخۆ دروست بکات.
‎گۆڕانکاریی زۆر بەهۆی شەرەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هێزە توندرەوەکانی وەک قاعیدە و داعش، هەروەها شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا و ئێرانی و ئەمەریكا و ئیسرائیل ڕووی داوە، ئەمانە بوونەتە فاکتەری بارگرانی بەسەر بازاڕی کار، سیستەمی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها بیمەی تەندروستی و لە هەمووشی گرنگتر بۆ ئەورووپییەکان ئەوەیە کە خەریکە دیموگرافیای وڵاتیان دەگۆڕێت و هەستی متمانەی هاووڵاتییانی ئەورووپی بەرامبەر کۆچبەران گۆڕاوە.
‎ئەگەرچی بە شێوەیەکی گشتی ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە بەوەی پەیوەندی لەنێوان کەسێکی کۆچبەر و کەسێکی تاوانباردا نییە، چونکە چەندین دۆسییە دەربارەی کەسانی توندڕەو و تاوانبار هەن، بەڵام وەک کەسێکی ئاسایی خۆیان لە ناوەندەکان تۆمار کردووە و لەناو کەمپەکانی پەنابەراندا وەک کەسی ئاسایی دەژین، هەر بۆیە ئاستی هەستی ترس لەناو ئەورووپیەکان دروست بووە و ڕۆژ بەڕۆژ دەبیستین کە یاسا و بڕیاری نوێ دەردەکرێن.
‎چوارەم: کێشەی هاوبەشکردنی بەرپرسیارێتی لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا.
‎ساڵانێکە وڵاتانی وەک یۆنان، ئیتالیا و ئیسپانیا و هەنگاریا و وڵاتانی سنوور گازەندە لەوە دەکەن کە بارگرانیی سەرەکیی پەیوەندیدار بە کۆچبەران دەکەوێتە سەر شانی ئەوان، هەوڵە نوێیەکان بۆ دانپێدانان بە بڕیارەکانی گەڕاندنەوە و دامەزراندنی ناوەندەکانی لەدەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هەوڵێکن بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ ئەورووپییەکان کە بەم بڕیارەیان یەکێتییەکی نوێیان دژ بە کۆچبەران و پەنابەران دروست کرد.
‎لێرەدا پرسیارێکی دیکە دێتە پێشەوە، ئایا بە گەڕاندنەوەی پەنابەران ئەمە چارەسەرە، یان کێشەیەکی نوێیە بۆ ئەورووپیەکان؟
‎گرنگترین خاڵی ناکۆکی لەناو یاساکەدا بریتییە لە دروستکردنی ناوەندەکانی گەڕاندنەوە لەدەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا، پشتیوانانی ئەم پڕۆژەیە دەڵێن ئەم ناوەندانە دەتوانن پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە خێراتر بکەن و ڕێگری لە ونبوونی ئەو کەسانە بکەن کە بڕیاری دەرکردنیان لەدژدا دراوە، بەڵام ناڕەزاییەکانیش لە هەمان ئاستدا بەهێزن. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە ئەم ناوەندانە دەتوانن ببنە شوێنی دەستبەسەرکردنی درێژخایەن، واتا زیندانییەکی نوێ، بەبێ چاودێریی یاسایی تەواو و بەبێ دڵنیایی لە پاراستنی مافەکان.
‎هۆشداریی نەتەوە یەکگرتووەکان
‎ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیۆنەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەم یاسایەی بە هەستیارترین شێوە لێک دایەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەوڵەتە ئەورووپاییەکان ناتوانن بەرپرسیاریتییەکانی خۆیان لە بواری مافەکانی مرۆڤ، بخەنە ئەستۆی وڵاتانی جیهانی سێیەم.
‎بنەمای نەناردنەوەی زۆرەملێ یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی پەنابەری و ڕێگە نادات کەسێک بگەڕێندرێتەوە بۆ شوێنێک کە ژیان، ئازادی، یان سەلامەتیی لە مەترسیدا بێت، هەر بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی و تەواوکردنی هەموو قۆناغە یاساییەکانیان دەکات، پێش ئەوەی جێبەجێکردنی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان بدرێت.
‎ئەورووپا سەلماندی کە مرۆڤدۆست نییە و دووڕووییەکی تەواو لەو بڕیارەدا هەیە کە دژ بە پەنابەران دراوە. ئەم یاسایە تەنیا یاسایەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو بڕیارێکی سیاسییە و پرۆژەیەکی هاوبەشە لەنێوان وڵاتانی ئەورووپی، وەک تاقیکردنەوەیەکی گرنگ. ئەورووپا ساڵانێکە خۆی وەک قەڵای مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی و حوکمڕانیی یاساسەروەر ناساندووە، بەڵام ناچاریشە وەڵامی نیگەرانییەکانی هاووڵاتییانی خۆیشی بداتەوە و چاوەڕوانکراوە دەنگی شەقام و ڕێکخراوەکان دژیان بوەستنەوە. لێرەدا پرسیارێکی گرنگ و سەرەکی هەیە: ئایا دەتوانرێت هاوسەنگییەک لەنێوان پاراستنی سنوور و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ دروست بکرێت؟
‎ئەگەر ئەم یاسایە بەبێ پێشێلکردنی مافی پەنابەران ببێتە هۆی خێراترکردنی پرۆسەکان، لەوانەیە وەک سەرکەوتنێکی سیاسی ببینرێت.
‎دیپۆرتکردنی بەکۆمەڵ و دەرکردنی پەنابەران بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاساییە، لەوانەیە ئەمە یەکێک بێت لەو بڕیارانەی کە لە داهاتوودا بەهۆی ژمارەی زۆری ئەو پەنابەرانانەر لە ئەورووپا دەژین، دەرئەنجامی خراپی هەبێت و چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە خۆپیشاندانی لەبارەوە بکرێت، لەوانەشە ئاراستەی خۆپیشاندان توندوتیژیی لێ دروست ببێت.
‎لەدوای دەرچوونی ئەم بڕیارە، مشتومڕێکی زۆر دروست بووە لەسەر ئەوەی کە کێ دەبێت لە ئەورووپا بمێنێتەوە و کێ دەربکرێت؟ خەمی من و خەمی هەموان ئەوەیە، ئیدی چاوەڕوانی ئەوە بین چ جۆرە پرۆژەیەکی سیاسی و مرۆیی دیکە دێتە پێشەوە. ئەو قەڵایەی کە وەک نموونە دەبینرا بەوەی ئەورووپییەکان دەبنە پشت و پەنا و سێبەر بۆ پەنابەران، ئەو راستییەمان بینی کە لە لوتکەی پەرلەماندا چۆن بە چەپڵەلێدان خۆشیی خۆیان بۆ سەرکەوتنی بڕیارەکە دەربڕی.

نووسینی-هەرمن ئەحمەد

___

دۆسیەی جینوسایدی گەلی کورد تاوەکو کوێ دەگات

Harmn

ئەرێ ئیسلام سیاسەته یان عەدالەته ؟

Harmn

توندڕەوی و پەڕگیریی لە ئەڵمانیا…

Harmn