KDC

کاتێک عەقڵ دەبێتە پێوەر؛ گەشتێک بەناو سەردەمی ڕۆشنگەریدا

عەلی جەمال
​کاتێک منداڵ بووین، زۆربامان لە تاریکی دەترساین. ترسی ئێمە لە تاریکییەکە خۆی نەبوو، بەڵکو لەو شتە نەزانراوانە بوو کە پێمان وابوو لەناو تاریکیدا شاردراونەتەوە. تەنها داگیرساندنی گڵۆپێک یان مۆمێک بەس بوو بۆ ئەوەی ترسمان بڕەوێتەوە، چونکە ڕووناكی ڕاستییەکانی نیشان دەداین. مێژووی مرۆڤایەتیش ڕێک بەم شێوەیەیە؛ سەردەمێک هەبوو کە مرۆڤایەتی لەناو تاریکییەکی قووڵدا دەژیا، تاریکییەک کە نەزانی، خورافە، و ترس دروستیان کردبوو. لەو کاتەدا، بزوتنەوەیەک هات کە وەک چراخانێک وابوو بۆ مێشکی مرۆڤ، کە پێی دەڵێین «ڕۆشنگەری».
​بۆ ئەوەی بە سادەیی تێبگەین ڕۆشنگەری چییە، پێویست ناکات بچینە ناو کتێبە ئەستوورەکانی فەلسەفەوە. ڕۆشنگەری واتە: «ئازادکردنی عەقڵ». واتە مرۆڤ بوێری ئەوەی هەبێت بیر بکاتەوە، پرسیار بکات، و هیچ شتێک تەنها لەبەر ئەوەی “کۆنە” یان “باوە” قبووڵ نەکات، مەگەر ئەوەی عەقڵ و لۆژیک نەسەلمێنێت. پێش ئەم سەردەمە، ئەگەر نەخۆشییەک یان کارەساتێکی سروشتی ڕووی بدابایە، خەڵکی دەیانوت ئەمە توڕەیی ئاسمانە یان جادوی جادووگەرەکانە، بەڵام ڕۆشنگەری هات و وتی: نەخێر، با بچین لە تاقیگەدا بەدوای هۆکارەکەیدا بگەڕێین.
​یەکێک لە جوانترین کاریگەرییەکانی ڕۆشنگەری ئەوە بوو کە نرخی بە مرۆڤ بەخشی. پێشتر وا تەماشا دەکرا کە مرۆڤ تەنها خزمەتکارێکی بێدەسەڵاتی پاشاکان و پیاوانی ئایینییە. بەڵام بیرمەندانی ڕۆشنگەری هاتن و وتیان: هەموو مرۆڤێک بە ئازادی لەدایک دەبێت و خاوەنی مافی سروشتی خۆیەتی، وەک مافی ژیان، مافی ئازادی، و مافی گەڕان بەدوای بەختەوەریدا. ئەم بیرۆکە سادەیە بوو بە هۆی ئەوەی شۆڕشی گەورە لە جیهاندا ڕووبدات و پاشا دیکتاتۆرەکان لەسەر کورسی دەسەڵات بێنە خوارەوە. دیموکراسی و یاسای مۆدێرن کە ئەمڕۆ لە جیهانی پێشکەوتوودا دەیبینین، بەرهەمی ئەو سەردەمەن.
​کاریگەرییەکی تری گرنگی ڕۆشنگەری، برەودان بوو بە “لێبوردەیی”. کاتێک عەقڵ دەبێتە پێوەر، مرۆڤ تێدەگات کە ڕەنگە ئەوی تریش ڕاستییەکی لای بێت. ڕۆشنگەری فێری کردین کە جیاوازی بیروڕا و ئایین نابێت ببێتە هۆی شەڕ و خوێنڕشتن. ڤۆڵتێر، کە یەکێک بوو لە نوسەرە دیارەکانی ئەو سەردەمە، دەستەواژەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێت: «من لەگەڵ بیروڕاکەتدا نیم، بەڵام ئامادەم گیانی خۆم ببەخشم بۆ ئەوەی تۆ بتوانیت بە ئازادی بیروڕای خۆت دەرببڕیت». ئەمە ئەو لوتکەی مرۆڤایەتییەیە کە ڕۆشنگەری هیوای بۆ دەخواست.
​بەڵام ئایا ڕۆشنگەری تەنها مێژوویەکە و کۆتایی هاتووە؟ بە بڕوای من، نەخێر. ڕۆشنگەری پڕۆژەیەکی بەردەوامە. ئێمە ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەکدا دەژین، جیهان گۆڕاوە بۆ گوندێکی بچووک و تەکنەلۆجیا گەیشتووەتە لوتکە، بەڵام هێشتا تاریکی لە زۆر شوێندا زاڵە. کاتێک دەبینین هێشتا خەڵکانێک هەن لەسەر جیاوازی ڕەگەز، نەتەوە یان ئایین ڕقیان لە یەک دەبێتەوە، کاتێک دەبینین هێشتا دەنگۆ و هەواڵی درۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک ئاگر بڵاودەبنەوە و خەڵک بێ بیرکردنەوە باوەڕیان پێدەکەن، تێدەگەین کە ئێمە هێشتا پێویستمان بە ڕۆشنگەری هەیە.
​ڕۆشنگەری ڕاستەقینە لە ناو ماڵ و قوتابخانەکانی ئێمەوە دەست پێدەکات. کاتێک منداڵەکانمان فێری “ڕەخنەگرتن” و “پرسیارکردن” دەکەین لەبری تەنها “لەبەرکردن” و “گوێڕایەڵی کوێرانە”، ئەوا ئێمە مۆمێکی ڕۆشنگەریمان داگیرساندووە. کاتێک لەبری بڵاوکردنەوەی ڕق، لێبوردەیی و خۆشەویستی بڵاو دەکەینەوە، ئێمە لەسەر ڕێگای ڕۆشنگەری دەڕۆین.
​لە کۆتاییدا، ڕۆشنگەری پەیامێکی سادەیە بۆ هەموو تاکێک: مێشکی خۆت بەکاربهێنە و مەهێڵە کەس لەبری تۆ بیر بکاتەوە. ژیان بەبێ عەقڵ و ئازادی، وەک ڕۆیشتنە لەناو تونێلێکی تاریکدا کە نازانیت بەرەو کوێت دەبات. با هەریەک لە ئێمە ببێتە چراخانێک، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەمان لە تاریکی نەزانی بپارێزین و بەرەو داهاتوویەکی ڕووناکتر هەنگاو بنێین.

___

گرنگی هەبوونی هۆشیاری تاک لە پرۆسەی پەروەردەیی دا،ـ.

KDC

چەوساندنەوەی سیاسی

KDC

مانیفێستی مێتامۆدێرنیزم

KDC