KDC

هێزە شاراوەكەی دیاسپۆڕای کوردستانی!

کارۆخ خۆشناو

كۆمەڵانی دیاسپۆڕا هەمیشە هێزێکی گەورەی نەتەوەیی و کاریگەرن بۆ گەل و نیشتمانەکەیان لە وڵاتی دووەمیان، كە دەتوانرێت لە هەموو کاتێکدا لە سەرجەم ئاستەکانی ئابووری، سیاسی، دیپلۆماسی و کەلتووری هاوکار و پشتیوانی میللەتەكانیان بن. دیاسپۆڕای نەتەوەکانی خاوەن دەوڵەتی وەک (یۆنانی، ئیتالی، ئەرمەنی، جوو، تورک و لوبنانی)، هەروەها نەتەوەکانی بێ دەوڵەتی وەک (باسک، کەتەلۆنیا، سکۆتلەندا، تامیل و…هتد) نموونەی دیار و بەرچاوی ئەم بۆچوونەن.

بەهۆی كۆمەڵێك هۆكار و قەیرانی مەزن، بەتایبەتی سیاسەتی داپڵۆسێنەری دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستانەوە، سەدان هەزار کوردستانی لە هەر چوارپارچەی کوردستانەوە بەناچاری نیشتمانی ڕەسەنی خۆیان جێ هێشتووە و بوونەتە پەنابەر لە سەرتاپای جیهان، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا، کەندا، ئوسترالیا..هتد. وڵات هەیە دەیان و بگرە سەدان هەزار هاونیشتمانیی كوردستانی لێ گیرساوەتەوە، بەمەش ڕەوەندی کوردستانی لەڕووی ژمارەوە، بەتایبەتی لەو سی تا چل ساڵەی دواییدا، گەشەکردنێکی فراوانی بە خۆییەوە بینیوە.

دیاردەیەكی ئاساییە، كە نەوەی یەکەمی دیاسپۆڕای کوردستانی، وەك هی هەر میللەتێكی دیكە، كە بۆ یەكەم جار كۆچ دەكەن، تەرکیزیان بە پلەی یەكەم دەچێتە سەر جێگیر بوون و زامنكردنی بژێوی ژیان و هاوكاریكردنی خانەوادەكانیان لە كوردستان، لەگەڵ خۆگونجاندن لەگەڵ یاسا و کەلتووریی وڵاتە نوێیەكە. ئەگەرچی توانای ئەو نەوەیە بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ كۆمەڵگە نوێیەكە سنووردارە و زاڵبوون بەسەر بەربەستەكانی سەركەوتندا كارێكی ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا رێژەیەكیان ئەگەر كەمینەش بن، سەركەوتوو بوونە و توانیویانە خزمەت بە كۆمەڵگەكانیان لە هەردوو دیوی كوردستان و هەندەران بگەیەنن.

نەوەی یەكەمی دیاسپۆڕای كوردستانی، زادە و پەروەردەی كوردستانن و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەردەوام لە خەمی نیشتمانەکەیاندا بوونە و لە کاتی کارەسات و ڕووداوە ناخۆشەکاندا هەوڵی بێوچانیان داوە بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کوردستان بە ڕای گشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میدیاکانی جیهان. بەڵام مخابن کاریگەرییەكانیان لەسەر پێشهاتە گرنگەكان و راكێشانی سۆزی کۆمەڵگە نوێیەکانیان بۆ كوردستان و كارتێكردنی چارەنووسی گەلەکەیان هەر بە سنوورداری ماوەتەوە. ئەمەش بەشێكی پەیوەستە بە بەربەستە مەزنەكانی بەردەم پەناهەندەكانی نەوەی یەكەم لە وڵاتێكی بێگانەدا یان بە تێنەگەیشتن لە پڕۆسەی بڕیاردان لەناو سیستەمی سیاسی و کارگێڕیی وڵاتانی رۆژئاوا. بەشێكیشی پەیوەستە بە لێكدابڕان و پەرتەوازەیی كۆمەڵایەتی و سیاسیی رەوەندی كوردستانی، ئەوەش بەهۆی خۆبەستانەوەیان بە رەوتی رووداو و دینامیکیەتی سیاسیی ناوەكی كوردستانەوە. ئەو رەوەندە وەك بڵێی درێژكراوەی كۆمەڵگەكانی ناوەوەیە، هەمیشە کێشە و ململانێ و جەمسەرگیرییەکانی ناوخۆی وڵاتیان گواستووەتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێ بوون. ئەمەش وای کردووە هاوشێوەی ناوخۆی کوردستان، دیاسپۆڕای کوردستانی لە وڵاتانی دەرەوەش دووچاری پەتای دابەشبوون و پەرتەوازەیی بن و بەهۆیەوە نەتوانن لە دەوری دۆزە مەزنە هاوبەشەكەیان كۆ ببنەوە و كاری لۆبیی هەرەوەزی لە چوارچێوەیەكی گشتگیردا ئەنجام بدەن. بۆیە سەرباری هەوڵ و چالاكیی حیزبی یان رێكخراوەیی ناو كۆمەڵگەی مەدەنی، كەچی كاریگەرییان لەسەر ڕەوتی رووداوەكان و سیاسەتی وڵاتەكانیان لە ئاستی قەوارە و ژمارەی دیاسپۆڕاكەدا نەبووە.

جێگەی دڵخۆشییە، کە ئێستا نەوەی دووەم و سێیەمی دیاسپۆڕای کوردستانیی پێگەیشتوون و زیاتر ئاوێتەی کۆمەڵگەکانی خۆیان بوون و وەك هەر هاووڵاتییەك پەرە بە توانستەکانی خۆیان لە بواری فێربوون، خوێندن و کارکردن دەدەن. ئەوانە وەك خاوەنماڵ و بەشێکی کاریگەر لە کۆمەڵگە و لەگەڵ کەلتوور و فەرهەنگی وڵاتەكەدا گەشەیان كردووە. زۆرینەیان لە ڕێگەی خوێندن، سیاسەت، هونەر، ئەدەب و بزنسەوە توانیویانە جێپەنجەیان دیار بێ و بگرە رۆڵی سەركردەیان تێدا ببینن. بێگومان ئەوانە بە شێوازێکی جیاواز لە نەوەی یەکەم بیر دەکەنەوە، پێوەر و نۆڕمی ئەو وڵاتانە شارەزاترن و توانای كارتێكردنیان لەسەر سیستەمی بڕیارداندا زیاترە. ئەوانە دەتوانن ڕۆڵی گەورە لەمەڕ دۆزە مەزنەكەی كوردستاندا ببینن، بەتایبەتی ئەگەر توانستەکانیان کۆبکرێنەوە و ئاڕاستە بکرێن. ئەوەش پرسیارە مەزنەكەیە، ئایا چۆن ئەو توانا شاراوەی رەوەندی كوردستانی لە هەندەران بەدەربخرێت و بە دید و ستراتیژ و رێچكەیەكی نیشتمانیەوە ئاراستە بكرێت.

دیارە پێشتر هەوڵ دراوە، كە لۆبیی كوردستانی لە هەندەراندا رێك بخرێت یان هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت، بەڵام تائێستا ئەو هەوڵانە پچڕپچڕ بوونە و بەردەوامێتییان نەبووە. تا ئێستا هیچ لایەنێك نەیتوانیوە چوارچێوەیەك و بەرنامەیەكی هاوبەش بێنێتە كایەوە، كە هەوڵە جیاوازەكان لەخۆ بگرێ یان گوڕێكی نوێ بداتە گەنجانی نەوەی دووەم و سێیەم، کە لەو وڵاتانە لە دایک بوون و گەورە بوون. هاوكات بەحزبیکردنی کار و چالاکییەکانی دیاسپۆڕای کوردستانی هۆکارگەلی بەرچاون بۆ سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵانە.

خۆشبەختانە، بەو دواییە هەوڵێکی نوێ بە هەستێكی نوێ هاتووەتە كایەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لۆبیی كوردستانی و بۆ کۆکردنەوەی کوردستانییانی دەرەوە لەژێر چەتری یەک دامەزراوەی نیشتمانیی بەهێز و کاریگەر، ئەویش (کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆڕای کوردستانی)یە، بەو ئامانجەی، كە ببێتە هۆكارێك بۆ بەهێزکردنی لۆبیی کوردستانی و باشتر ئاڕاستەکردنی دیاسپۆڕاكە.

ئەم دامەزراوەیە هەوڵ دەدات بە ڕووحیەتێکی بەهێزی نیشتمانی و دوور لە ئینتیمای حزبی و کەسی کار بکات. بێگومان ئەو جۆرە هەوڵە دەرفەتێکی زێڕین دەڕەخسێنێت بۆ بەگەڕخستنی توانستی دیاسپۆڕای کوردستانی و دروستکردنی لۆبییەکی بەهێز و کاریگەر بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی خاک و گەلی کوردستان لە ڕووداو و پێشهاتە نوێیەکاندا، کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاریی گەورە لە سیستەمی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی ململانێکانی جیهان بێتە ئاراوە.

هیچ كاتێك درەنگ نییە، کە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین هاونیشتمانیی دیاسپۆڕا لەژێر چەتری ئەم دامەزراوە نیشتمانییەدا و پێسپاردنی ئەركی پلاندانان و هەماهەنگیكردن تیایدا بە کەسانی چالاك و کاریگەر و خاوەن ئەزموون. خەڵكانێك كە لە توانایاندابێ دوور لە ئایدیۆلۆژیایەكی دیاری كراو یان جەمسەرگیریی حیزبایەتی، دامەزراوەکە بەنیشتمانی بكەن و بیكەنە پلاتفۆرمێك بۆ سەرجەم دیاسپۆڕای کوردستانی بە هەموو نەتەوە، ئایین، پێکهاتە و ئایدۆلۆژیاكانەوە. بە دەستەجەمعی هەوڵی زامینكردنی سەرچاوەی دارایی بۆ بدەن، لە رێگەی كۆمەكی بێ مەرجەوە، هەتا سەربەخۆیی رێكخراوەكە و بڕیارەكانی بپارێزن. لەگەڵ ئەمانەشدا، پێویستە كوڕ و كچانی نەوەی دووەم و سێیەمی دیاسپۆڕای کوردستانیی رۆڵی كاریگەری تێدا بگێڕن و بۆندی ئەوانەش لەگەڵ نیشتمانە گەورە هاوبەشەكەمان پتەوتر بكرێ.

 

___

ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی بیروڕا

KDC

بەشێک لە کتێبی بۆڕییە ئاوەکانی حوکمڕانی- سێھەم

KDC

جۆبایدن لە بەردەم سعودیە ئەژنۆی دا

Harmn