ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بازل، بە هەماهەنگیی ناوەندی سویسرا، لە شاری بازل یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهیدیان کردەوە، کە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵە و ڕێکخراو و کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی کوردی ئامادە بوون.
ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦ی٣ی٢٠٢٥، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بازل بە هەماهەنگیی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی سویسرا، لە شاری بازل ڕێوڕەسمێکیان بۆ یادی ٣٧ ساڵەی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەی شەهید بەڕێوە برد، کە نوێنەرانی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمەڵە و ڕێکخراو و ڕۆشنبیران و شاعیران و کەسایەتیی کوردی دانیشتووی سویسرا ئامادە بوون.
سەرەتا بە سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب و دوواتر وەستانی خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سروودی بەتەنیا جێم مەهێڵن و داگیرساندنی پێنج مۆم بۆ ڕۆحی پێنج هەزار شەهیدی هەڵبجە ڕێوڕەسمەکە دەستیپێکرد، وتەی بەخێرهاتن لەلایەن سۆران حەسەن بەرپرسی ناوەندی بازل خوێنرایەوە پاشان لەلایەن سەیران کەریم وتاری ناوەندەکانی سویسرا خوێنرانەوە، دواتر شاعیران، ئاکۆ ئەلیاسی بە هۆنراوە و قەسیدەیەک و خاتوو شلێر بە هۆنراوەیەک و هونەرمەند حسێن ئۆزچان بە تەنبوور لاوانەوەیەکیان بۆ هەڵەبجە پێشکەش کرد، هەورەها نووسەر ڕەشاد شەرەف کورتە چیرۆکێکی هەڵبژاردەی بەرهەکانی پێشکەش کرد، هەندێک لە بەشداربووان بە وتەی یان بە خويندنەوەی هۆنراوەیەک هاوخەمییان بۆ کەسوکاری قوربانیانیی هەڵەبجە دەربڕی.
لە کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەدا، لە لایەن نووسەر و ڕووناکبیر ڕەحیم مەحمەدی، باسێکی لەسەر هەڵەبجەی شەهید و هاوشێوەکانی کرد و تیشکی خستەسەر تاوانی هەڵەبجە و هاوشێوەکانی، کە دوژمنانی کوردستان بۆ دامرکاندنەوەی قین و شەڕەنگێزی و شۆڤێنیانەیان دژ بە گەلی کوردستان لە هەڵەبجە و سەرجەم کوردستان دەستیان نەپارستووە، جا چ بە چەکی کۆمەڵکوژی قەدەغە کراو بووبێت، یان زیندەبەچاڵکردنی بە کۆمەڵ و ڕاگواستن و وێرانکردنی دێهات و ئاواییەکان سڵیان نەکردۆتەوە، هەروەها لە سیاسەتی تەعریب و تەتریک و تەفریس و برسیکردنی خەڵکی کوردستان بەردەوامن، ئێستاش لە ژێر ناوی یاسا و بە ناوی دیموکراسیی گەمارۆی خەڵکی کوردستان بەردەوامە.
جێی باسە، ئامادەبووانی مەڕاسیمەکە، بریتیی بوون لە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی وڵاتپارێزی کوردستان.