سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لایەن سێناتی وڵاتی فەرەنساوە پێشوازییان لێ کرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ٣ی ٢٠٢٥، لە سێناتی فەرەنسا لە لایەن سێناتۆر رێمی فێرۆ بەرپرسی گرووپی کورد لە سێناتی فەرەنسا پێشوازی لە هەر یەکە لە بەڕێز شفا بارزانیی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی و عەلی دۆڵەمەریی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی ئۆفیسی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی کرا.
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندی لەمێژینەی نێوان گەلی کوردستان و حکوومەت و گەلی فەرەنسا، کورتەیەکی لەسەر بەرنامەی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ کۆکردنەوەی کوردستانییانی دیاسپۆرا لە ژێر چەترێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی کولتوور و زمانی کوردی و هاندانی کوردستانییان بۆ تێکەڵ بوون بە کۆمەڵگەی وڵاتانی دیاسپۆرا و دوور کەوتنەوەیان لە هزری توند و تیژی و ماددەی هۆشبەر و پابەند بوون بە یاسا و ڕێساکانی وڵاتانی خانەخوێ، کرد.
هەر لە دیدارەکەدا شفا بارزانی، داوای بەردەوامی پشتگیرییەکانی فەرەنسای بۆ گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی لە هەر چوارپارچەی کوردستان کرد.
لای خۆیەوە سێناتۆر رێمی فێرۆ، بەڵێنیدا لە سێنات بەردەوام هەوڵبدەن هاوکار و پاڵپشتی کوردستان و دۆزەڕەواکەی بکرێت.