بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە یاوەری هاشم سندی، كوردینایتۆری پەیوەندییە ئابوورییەکان ، لە شاری تورۆنتۆ لەگەڵ دانیاڵ ئایزن کەسایەتی دیاری بوواری چالاکی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، مستەرد کورد باسێکی هەمەلایەنەی لەسەر کار و خەباتی کۆنفیدراسیۆن لە جیهان بە گشتی و لە کەنەدا بە تایبەتی پێشکەش کرد.
پاشان دوو لایەن سەبارەت بە گرنگی کاری مەدەنی و ڕۆڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە پەرەپێدان بە کولتووری دیموکراسیی رێزگرتن لە جیاوازییەکان بیروڕایان گۆڕییەوە، لەو بووارەدا هاوڕابوون، کە پەرەپێدان بە کولتووری گیانی یاساسەروەری و ڕۆحی ئاشتییخوازانە پەرە پێدەدا و لە پەرەپێدان بە گوتار و کردەوەی توندو تیژی ڕێگردەبێت .
ئایزن، وەکوو کەسایەتیەکی بە ئەزموون لە بوواری خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ و کاری رێکخراوە مەدەنییەکان، رۆڵ و بەرنامەی کۆنفیدراسیۆنی بە هەنگاوێکی هەرە مەزن و هیوابەخش ناوبرد، لەو نێوەندەدا لەسەر چەند پڕۆژە و کاری هاوبەش ئالوگۆڕی بیرورا کرا و بڕیاردرا ئەو دیدار و کۆبوونەوانە درێژەیان ببێت.
دانیاڵ ئایزن، ڕاوێژکارێکی کەنەدی-ئەمریکییە و لەگەڵ دەسەڵاتەکانی یاسادانان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و دەزگاکانی دیکە کاربۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات ، و لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی کەنەدای پارێزراوە، کە پێشتر ناوی ”هاوپەیمانی کەنەدی دژی تیرۆر” بوو، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و لە لایەن قوربانییانی تیرۆرەوە لە دوای ١١ی سێپتەمبەر دامەزراوە. وەک ڕێزلێنانێک بۆ کارەکانی بۆ قوربانییانی تیرۆر، دانیاڵ لە ساڵی ٢٠١٢دا مەدالیای یۆبیلی ئەڵماسی شاژن ئەلیزابێسی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی کەنەدا وەرگرتووە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧دا مەدالیای سێسکوی سەدەی ئەنجوومەنی پیرانی پێدراوە.