لە پەیامێکی یەکگرتوی نەتەوەییدا و بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە خۆڕاگریی ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا، لە ڕێگەی ناوەندەکانی لە ئەوروپا، ئەمەریکا و کەنەدا، زنجیرەیەک خۆپێشاندان و چالاکیی جەماوەریی بەرفراوانی ڕێکخست، ئەم جوڵانەوەیە وەک وەڵامێکی خێرا و توند هات دژی ئەو هێرشە سەربازییانەی کە لەلایەن سوپای عەرەبی سووریا و حکومەتی کاربەڕێکەری ئەو وڵاتەوە دەکرێنە سەر ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە تێیدا ڕەوەندی کوردی داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی تاوانەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەیان کرد.
هەڵوێستە نەتەوەییەکان
ئەم هەڵمەتە جیهانییەی کە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەرپەرشتی دەکات، لە کاتێکی پڕ لە مەترسیدایە کە تێیدا قەوارەی سیاسی و مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەی جددیی حکوومەتی دیمەشق بووەتەوە، کۆنفیدراسیۆنەکە لە ڕێگەی ناوەندەکانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ناوەندە بڕیاربەدەستە نێودەوڵەتییەکان، تا ڕێگری لە هەر هەوڵێکی سەربازی بگیرێت کە ئامانج لێی تێکدانی ئاشتی و داگیرکردنی خاکی کوردستان بێت لەلایەن سوپای سووریاوە.
ئەڵمانیا..چەقی چالاکییەکانی ناوەندەکانی کۆنفیدراسیۆن
ناوەندەکانی کۆنفیدراسیۆن لە وڵاتی ئەڵمانیا گەورەترین و چڕترین چالاکییان ئەنجام دا، زنجیرە خۆپێشاندانەکان لە 9/1/2026 لە شاری بەرلینی پایتەختەوە دەستی پێکرد، دواتر لە 10/1/2026، شارەکانی (ئێسن، ڤۆلفسبورگ، برێمن و منشنگلاباخ) بوونە مەیدانی نمایشکردنی تووڕەیی ڕەوەندی کوردی، ئەم شەپۆلە لە 11/1/2026 هەردوو شاری هیرنە و ئاخنیشی، لە پێش پەرلەمانی نۆرد ڕاین ڤێستفاڵنی گرتەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر پشتیوانی بێ مەرج بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە.
بەریتانیا و بەلجیکا.. پەیام بۆ ناوەندی بڕیاری ئەورووپا
لە وڵاتی بەریتانیا، ناوەندەکانی کۆنفیدراسیۆن لە 10/1/2026 لە هەردوو شاری لەندەن و مانچستەر ڕەوەندی کوردستانییان بۆ سەر شەقامەکان هێنا، هاوکات لە وڵاتی بەلجیکا، چالاکییەکان ڕەهەندێکی دیپلۆماسییان وەرگرت، لە 10/1/2026 لە بەردەم وێستگەی شەمەندەفەری (برۆکسل نۆرد) و لە 11/1/2026 لە بەردەم پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆکسل، گردبوونەوەی ناڕەزایەتی سازکرا بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە ناوەندی سیاسیی یەکێتی ئەورووپا.
لە فەرەنسا، نەرویج و لۆکسمبۆرگ
لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ڕەوەندەی کوردستانی لە دیاسپۆرا، ناوەندەکانی کۆنفیدراسیۆن لە وڵاتی لۆکسمبۆرگ لە 10/1/2026 چالاکییان بەڕێوە برد، لە وڵاتی فەرەنساش، شاری تۆلوز لە 11/1/2026 بووە ناوەندی گردبوونەوەی کوردستانیان، هەر لەو ڕۆژەدا، واتە لە 11/1/2026، لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، ڕەوەندی کوردی بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سوپای سووریایان کرد.
ئەمەریکا و کەنەدا..دەنگی کورد لە ئەوپەڕی زەریاکان
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ڕێگەی ناوەندەکانی لە ئەمەریکای باکوور و کەنەدا، توانی دەنگی ناڕەزایەتییەکان بگەیەنێتە ئەو کیشوەرەش، لە وڵاتی کەنەدا، لە 10/1/2026 لە شاری ڤانکۆڤەر و لە 11/1/2026 لە شاری ئەدمنتۆن، خۆپێشاندانی جەماوەری بەڕێوەچوو، ئەم چالاکییانە کە هاوکات بوون لەگەڵ جوڵەی ناوەندەکانی کۆنفیدراسیۆن لە ئەمەریکا، سەلماندیان کە کوردانی دیاسپۆرا لەژێر یەک چەتری نەتەوەییدا یەکگرتوون بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لە بەرانبەر هەر دەستدرێژییەکی حکوومەتی کاربەڕێکەری سووریا.
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی
