لیوڤن :
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، بە ئامادەبوونی بەرپرسی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی بەلجیکی، مەراسیمێک لە شاری لیوڤن ڕێکخرا و تیشک خرایە سەر خەباتی فرەڕەهەندی ئافرەتانی کورد لە مێژووی کۆن و هاوچەرخدا.

مەراسیمەکە 8ی مارسی 2026، لەلایەن ناسک نەسیری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانیی بەلجیکاوە، کۆمەڵەیی هێڤی و یەکێتی ژنانی دیموکرات سازکرابوو، هەرمن ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و چەندین چالاکوانی مافی ئافرەتان، نووسەران، هونەرمەندان، سیاسەتوانانی کورد و ژمارەیەکی بەرچاو لە خانمانی دانیشتووی شارەکە بەشداربوون.
لە میانی چالاکییەکەدا سێ پەنێڵی جیاواز لەلایەن خانمان هۆزان، کارین و سەیران بەڕێوەچوون، تەوەرەی سەرەکیی پانێڵەکان تایبەت بوون بە خەباتی چەکداری و کۆمەڵایەتیی ئافرەتان، هەروەها جەخت لەسەر ئەو ڕۆڵە هاوسەنگە کرایەوە کە ئافرەتی کورد لە شۆڕشە کۆن و نوێیەکاندا گێڕاویەتی، بەتایبەت لە بەجێگەیاندنی ئەرکە سیاسی و مەدەنییەکانیاندا.
لە مەراسیمەکەدا، لایەنی هونەری جۆش و خرۆشی زیاتری بەخشییە ئامادەبووان، کاتێک هونەرمەند ئالان عارف دوو پارچە مۆزیکی پێشکەش کرد و بێرڤان بە گوتنی گۆرانیی و ئەکرەم حەمۆ بە ژەنینی ئامێری ساز، ڕەنگێکی جوانیان بە چالاکییەکە دا.
ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی ئەوروپا ساڵانە گرنگییەکی زۆر بە بۆنە نەتەوەیی و جیهانییەکان دەدات، بەتایبەت ڕۆژی 8ی مارس، ئەم جۆرە چالاکییانە لە وڵاتانی وەک بەلجیکا کە ناوەندی بڕیاردانی یەکێتیی ئەوروپایە، جگە لە بەرزڕاگرتنی خەباتی ژنان، وەک پردێکی پەیوەندیی دیپلۆماسی و کولتووری لە نێوان کۆمەڵگەی کوردی و ناوەندە سیاسییەکانی ئەوروپادا بۆ زیاتر تێگەیاندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد کاردەکەن .
