لە میانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی ساڵانەی جەژنی نەورۆز لە نێو تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا، کە بە فەرمی لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە رێکخرابوو، نوێنەری نووسینگەی رەوەندی کوردستانی پەیامی شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی گەیاندە ئامادەبووان و ڕایگەیاند: سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی بەهۆی کارێکی تایبەتەوە نەیتوانی بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لە مەراسیمەکەدا بکات.
مەراسیمەکە کە ساڵانە لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بەریتانیاوە وەک نەریتێکی تایبەت بۆ بەرزراگرتنی جەژنی نەورۆز بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵیش بە بانگهێشتێکی فەرمی داوا لە سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی کرابوو ئامادەی ئاهەنگەکە بێت، لە ئامادەنەبوونی ناوبراودا، بەختیار وەیس، نوێنەری نووسینگەی رەوەندی کوردستانی لە بەریتانیا، وەک نوێنەری فەرمی ئامادەی مەراسیمەکە بوو.
لە میانی ئاهەنگەکەدا، بەختیار وەیس پەیامی سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی بە ئامادەبووان و رێکخەرانی مەراسیمەکە گەیاند، لە پەیامەکەدا، شفا بارزانی بە ناوی خۆیەوە داوای لێبووردنی کردبوو بۆ ئامادەنەبوونی لەو بۆنە گرنگەدا و هاوکات جەختی لەوە کردبووەوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا و لە دەرفەتێکی گونجاودا، داواکاریی فەرمی پێشکەش دەکات بۆ ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ بەرپرسانی پەرلەمان.
ساڵانە پەرلەمانی بەریتانیا بە ئامادەبوونی کەسایەتییە دیارەکان، پەرلەمانتاران و نوێنەری نەتەوە جیاوازەکان، مەراسیمێکی تایبەت بە جەژنی نەورۆز لە تەلاری پەرلەمان رێکدەخات کە تێیدا گرنگی بە پێکەوەژیان و فرەکلتووری دەدرێت، بانگهێشتکردنی دامەزراوەی رەوەندی کوردستانی بۆ ئەم جۆرە بۆنانە، وەک بەشێک لەو هەوڵە دیپلۆماسی و کولتوورییانە دەبینرێت کە دامەزراوەکە کاری لەسەر دەکات بۆ دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان کوردانی تاراوگە و ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهاندا، هەروەها بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی دۆزی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.
