بەرپرسانی شارەکە پاڵپشتیی خۆیان بۆ کورد و موسڵمانان دووپات دەکەنەوە
لە میانەی کۆبوونەوەیەکی فەرمیی ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری نەشڤیل لە ویلایەتی تێنێسیی ئەمریکا، نوێنەرانی ڕەوەندی کوردستانی وتاری دەستپێکی کۆبوونەوەکەیان پێشکەش کرد و تیشکیان خستە سەر گرنگیی مانگی ئادار بۆ کورد، کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی نەورۆز، یادی کارەساتی هەڵەبجە و مانگی ڕەمەزان، لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی شارەکە ستایشی ڕۆڵی کوردیان کرد و شاری هەولێریان وەک دەستەخوشکی نەشڤیل بیرهێناوە.
شیڤان سندی و ئیپەک ئیسماعیل، وەک دوو میوانی فەرمیی ناوچەی 12ی ئەنجوومەنەکە، بە نوێنەرایەتیی ڕەوەندی کوردستانی وتاری دەستپێکیان پێشکەش کرد، لە وتارەکەیاندا ئاماژەیان بەوە دا کە مانگی ئادار بۆ نەتەوەی کورد هەڵگری دوو واتای جیاواز و قووڵە، لە لایەکەوە جەژنی نەورۆزە کە هێمایە بۆ نوێبوونەوە، ئومێد و گەیشتنی بەهار دوای زستانێکی سەخت، لە لایەکی دیکەشەوە یادی خەمناکی کیمیابارانی هەڵەبجەیە کە لە ساڵی 1988دا هەزاران هاووڵاتیی مەدەنیی بێتاوان بە چەکی کیمیایی گیانیان لەدەست دا، ئەوان جەختیان لەوە کردەوە کە هەمیشە بە ڕێزەوە یادی ئەو قوربانیانە دەکەنەوە و بەردەوام دەبن لە هیوخواستن بۆ ئاشتی و دادپەروەری بۆ هەمووان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا، نوێنەرانی کورد سوپاسگوزاریی قووڵی خۆیان بۆ شاری نەشڤیل دەربڕی کە بووەتە ماڵێک بۆ گەورەترین کۆمەڵگەی کوردی لە ئەمریکا و بە کوردستانی بچووک ناسراوە، هەروەها شانازییان بەوەوە کرد کە شارەکە مانگی ئاداری وەک مانگی کەلەپووری کوردی ناساندووە، نوێنەرەکە دەستەواژەیەکی مێژوویی کوردیی بەکارهێنا و ڕایگەیاند کە، هەمیشە گوتراوە کورد هیچ دۆستێکی نییە جگە لە چیاکان، بەڵام لە نەشڤیل ئەوان دۆستی دیکەیان لەودیو چیاکانەوە دۆزیوەتەوە، هەروەها ڕۆڵی خێزانە کوردەکانیان لە بونیادنانی بازرگانی، کەرتی پەروەردە و خزمەتی گشتی لەو شارەدا بەرز نرخاند و وەک بەشێک لە هۆکاری گەشەسەندنی شارەکە وەسفیان کرد.
بەبۆنەی هاوکاتبوونی ئەم بۆنانە لەگەڵ مانگی ڕەمەزان، نوێنەرانی کورد تیشکیان خستە سەر پەیامی لێبوردەیی، خۆبەدەستەوەدان بۆ خودا و بەخشندەیی ئەو مانگە، هیوایان خواست سەرکردەکانی شارەکە بە دانایی و دادپەروەرییەوە خزمەتی سەرجەم پێکهاتەکان بکەن.
دوای تەواوبوونی وتارەکە و پێشکەشکردنی سوێندی نیشتمانیی ئەمریکا، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شارەوانیی نەشڤیل وێڕای پیرۆزباییکردنی مانگی ڕەمەزان، پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ڕەوەندی ئیسلامی و کوردیی شارەکە ڕاگەیاند، بەرپرسانی ئەنجوومەنەکە بە توندی دژی ئەو لێدوانە نەرێنییانە وەستانەوە کە لەم دواییانەدا لەلایەن هەندێک بەرپرسی باڵاوە دژی موسڵمانان دراون، جەختیان لەوە کردەوە کە موسڵمانان بەشێکی گرنگ و خۆشەویستی کۆمەڵگەکەیانن و فرەچەشنیی نەشڤیل خاڵی هەرە بەهێزی شارەکەیە.
بەرپرسانی نەشڤیل سڵاو و ڕێزیان بۆ شاری هەولێر نارد، کە وەک شاری دەستەخوشکی نەشڤیل لە هەرێمی کوردستان ناسراوە، هاوکات لەگەڵ ناردنی سڵاو بۆ شاری بێلفاست لە ئێرلەندای باکوور بەبۆنەی مانگی کەلەپووری ئێرلەندی و ڕۆژی سانت پاتریک.
شاری نەشڤیل لە ویلایەتی تێنێسیی ئەمریکا، مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ پێشوازیکردن لە پەنابەرانی کورد هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، دواتر لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003، ژمارەیەکی زۆر زیاتر ڕوویان تێکرد، لە ئێستادا نەشڤیل بە گەورەترین ناوەندی کۆبوونەوەی کوردان لە ئەمریکا هەژمار دەکرێت کە ژمارەیان بە دەیان هەزار کەس مەزەندە دەکرێت و کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئابووری و کەلتووری شارەکە هەیە، لە ساڵی 2023دا، بە شێوەیەکی فەرمی ڕێککەوتنی دەستەخوشکی لە نێوان شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و شاری نەشڤیل واژۆ کرا، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ زیاتر لێک نزیککردنەوەی کەلتووری، ئابووری و پەروەردەییی نێوان هەردوو شارەکە.
