ژیان عومەر، ئەندامی پەرلەمانی بەرلین، لە دیدارێکی لەگەڵ شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، جەختی لەسەر پێویستی دانپێدانانی زیاتر بە ڕەوەندی کورد لە ئەڵمانیا و ئەوروپا کردەوە.
ئەم دیدارە وەک هەنگاوێکی ڕژد بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد و پاراستنی مافە کولتووری و سیاسییەکانیان لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا هەژمار دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە لاپەڕەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ژیان عومەر ئاماژەی بەوە کردووە، کۆبوونەوەکە لەسەر پرسی ژیانی کورد لە بەرلین و سەرتاسەری ئەوروپا بووە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان تایبەت بووە بە چۆنیەتی بەشداریکردنی کورد لە کایە جیاوازەکاندا، پرۆسەی تێکەڵاوبوون و ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی کە ڕەوەندی کورد دەتوانێت لە نێو کۆمەڵگەدا بیگێڕێت.
ئەم پەرلەمانتارە تیشکی خستە سەر گەورەیی ڕەوەندی کورد و ڕایگەیاند، کورد یەکێکە لە گەورەترین پێکهاتەکانی نیشتەجێی بەرلین و ئەڵمانیا، بەپێی ئامارەکان، تەنها لە شاری بەرلین نزیکەی 150 هەزار کەس و لەسەر ئاستی هەموو ئەڵمانیاش نزیکەی 2 ملیۆن کەس هەن کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، ئەمەش وای کردووە کورد ببێتە هێزێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی گەورە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ژیان عومەر باسی لەو ئاستەنگانە کرد کە ڕووبەڕووی ڕەوەندی کورد دەبنەوە، ئەو ئاماژەی بەوە دا، زۆرێک لە کوردەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان گلەیی لە هەبوونی ڕەگەزپەرستی دژ بە کورد دەکەن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، هەروەها ڕەخنەی لە سیستەمی پۆلێنکردنی فەرمی دەوڵەت گرتکە تێیدا ناسنامەی کوردی پشتگوێ خراوە و هاووڵاتیان تەنها بەپێی ناسنامەی ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون ناونووس دەکرێن، ئەمەش وای کردووە ناسنامەی ڕاستەقینەی کورد لە ناوەندە فەرمییەکاندا شاراوە بێت.
بە بڕوای عومەر، ئەم پرسە تەنها پەیوەندی بە ئامارەوە نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو پەراوێزخستنەیە کە کورد لە وڵاتانی خۆیاندا چەشتوویانە، کە تێیدا زمان و کولتوور و ناسنامەکەیان فەرامۆش کراوە، ئەو دووپاتی کردەوە کە ڕەوەندی کورد نوێنەرایەتی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی لیبڕاڵ و هەمەجۆر دەکات کە پابەندە بە بەها دیموکراسییەکان و یەکسانییەوە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، پەرلەمانتارە کوردەکەی پارتی سەوز داوای گرتنەبەری چەند هەنگاوێکی کرد، لەوانە: زیادکردنی دیاربوونی ناسنامەی کوردی لە دامەزراوەکان، پاراستنی زمان و کولتووری کوردی و کردنەوەی پرۆگرامی دووزمانی (کوردی – ئەڵمانی) لە باخچەی منداڵان و قوتابخانەکاندا، هەروەها داوای کرد بەشی خوێندنی کوردی لە زانکۆکاندا فراوانتر بکرێت و پشتگیری زیاتری چالاکییە کولتوورییەکانی کورد بکرێت.
ژیان عومەر دەستخۆشی لە هەوڵەکانی شفا بارزانی کرد بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ڕەوەندی کوردستانی و گفتوگۆکانی نێوانیانی بە کراوە و بەرهەمدار وەسف کرد.
ئەم هەوڵانەی ژیان عومەر لە کاتێکدایە کە ڕەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا بووەتە یەکێک لە پێکهاتە هەرە چالاکەکان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە. چەسپاندنی ناسنامەی کوردی لە ناوەندە فەرمییەکانی ئەڵمانیا دەبێتە هۆی ئەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و خاوەن ماف مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک تەنها وەک هاووڵاتی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، ئەم هەنگاوانە ڕێگەخۆشکەر دەبن بۆ ئەوەی زمانی کوردیش ببێتە یەکێک لەو زمانانەی کە لە دەزگا پەروەردەییەکانی ئەوروپادا گرنگی پێدەدرێت.
