لەژێر چاودێریی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، کۆنفرانسی گشتیی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی-هۆڵەندا و بە بەشداریی بەرفراوانی ڕەوەندی کوردی لە ئەمستەردامی هۆڵەندا بەڕێوە چوو، کە تێیدا ئەندامانی دەستەی دەستەی کارگێڕی نوێیان هەڵبژارد.
ڕۆژی شەممە ٣٠ی ئایار، بە ئامادەبوونی ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، قارەمان عوسمان بەرپرسی نووسینگەی شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی، شوکری بەرواری جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن و شەرمین پۆزئەرسەلان بەرپرسی ئۆفیسی رێکخستن، کۆنفرانسەکە بەڕێوە چوو، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سەرپەرشتی و چاودێریی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بکەن.
بەرنامەی یەکەمی کۆنفرانسەکە بریتی بوو لە گفتوگۆیەکی کراوە و بنیادنەر لەنێوان نوێنەرانی ڕەوەندی کوردی لە هۆڵەندا و کۆنفیدراسیۆندا. لەم گفتوگۆیانەدا، چەندان بابەتی هەنووکەیی گرنگ بۆ کۆمەڵگەی کوردی، هەروەها پەرەپێدانی زیاتری ڕێکخراوەکە و هاوکارییەکانی ناو ڕەوەندی کوردی خرانە بەرباس.
لە بەشی دووەمدا، سوپاس و پێزانین ئاراستەی دەستەی کارگێڕیی پێشووی فیدراسیۆنی کوردی لە هۆڵەندا کرا بۆ هەوڵ و دڵسۆزی و کارە بەنرخەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا. دوای ئەم ڕێزلێنانە، دەستەی پێشوو بە فەرمیی هەڵوەشایەوە و پرۆسەی هەڵبژاردن دەستی پێ کرد.
بۆ هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕیی نوێ، ١٥ بەربژێر (کاندید) خۆیان ئامادە کردبوو. پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لە کەشێکی دیموکراتی و شەفاف و پڕ لە ڕێزدا بەڕێوە چوو. دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەو حەوت بەربژێرەی، کە زۆرترین دەنگیان بە دەست هێنابوو، وەک دەستەی کارگێڕیی نوێی فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی-هۆڵەندا هەڵبژێردران. دەستەی نوێ لە ئەندامانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێک هاتووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەمەجۆری و هەم یەکڕیزیی گەلی کوردە.
ئەندامانی هەڵبژێردراوی دەستەی کارگێڕیی نوێ:
* گۆهدار بۆتانی(Gohdar Botani)
* ڕێحان سەعید (Rihan Said)
* سالار حاجی (Salar Haci)
* دیلان سالار (Dilan Salar)
* رۆناک فەزوڵڵازادە (Ronak Fadhollazade)
* سەباح کەرکووکی(Sabah Kerkuki)
* لاڤا کامەران (Lava Kamiran)
کۆنفرانسی گشتی لە کەشێکی ئەرێنی و تەبا کۆتاییی هات. ئامادەبووان متمانەی خۆیان بە دەستەی نوێ دەربڕی و هیوایان خواست پێکەوە کار بکەن بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگەی کوردی لە هۆڵەندا.
بەم شێوەیە، دەکرێت بڵێین ڕۆژێکی سەرکەوتوو و پڕ لە واتا بوو بۆ فیدراسیۆنەکە و ڕەوەندی کوردستانی.
لە کۆتاییدا، هەمووان خوازیاری ئەوە بوون، کە دەستەی کارگێڕیی نوێ لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیاندا لە قۆناغی داهاتوودا سەرکەوتوو بن.














