کۆمەڵەی کولتووریی کوردی لایپزیگ، کە سەر بە کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانییە، بەشداری کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوەکانی کوردی و ئێزدییاندا کرد، کە تێیدا چەند کەسێکی ئەکادیمیی ئامادەی بوون.
ئەمڕۆ 09.07.2026، لە شاری لایپزیگی ئەڵمانیا، کۆمەڵەی کولتووریی کوردی لە لایپزیگ بەشداری “کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوەکانی کوردی و ئێزدی” کرد، کە لە زانکۆی لایپزیگی ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی چەند ئەکادیمیسین و لێکۆڵەر بەڕێوە چوو.
کۆنفرانسەکە لە ئاستێکی ئەکادیمیی بەرزدا بەڕێوە چوو و تێیدا کەسانی پرۆفیسۆر، دکتۆر و پسپۆڕی کورد و بیانی لە زانکۆ و ناوەندە زانستییە جیاوازەکان بەشدار بوون.
لە کاتی کۆنفرانسەکەدا، زۆر بابەتی گرنگی پەیوەست بە مێژوو، زمان، کولتوور، ئەدەبیات و میراتی کوردی و ئێزدی هەڵسەنگێنرا و پێشکەش کرا. هاوکات وتارێک دەربارەی داستانەکانی کوردی پێشکەش کرا.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی بەشداری کۆمەڵەکە، پێشکەشکردنی وتاری ئەکادیمیی ئەندامی کۆمەڵەکە سەڵاحەدین سەیدۆ بوو. سەیدۆ بەناونیشانی “ریزەپشنی مەم و زین و قەڵای دمدم لە هونەری نوێدا: لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی داستانەکانی کوردی”، لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
هەروەها کۆمەڵەی کولتووريی کوردی، سوپاسی پرۆفیسۆر دکتۆر سباستیان مایسێلی کرد بۆ هەوڵ و پشتگیرییەکانی لە ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی ئەو کۆنفرانسە زانستییەدا.
کۆمەڵەکە دیاری کرد، کە ئەم کۆنفرانسە پلاتفۆرمێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و ناساندنی میراتی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
جیهان موسلیم سەرۆکی کۆمەڵەی کولتووریی کوردی لە لایپزیگ، سەبارەت بە بەشدارییان ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو چالاکییە نیشانەی گرنگیی کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەکەیە لە بواری پشتگیریکردنی زانست، زمان و کولتووریی کوردیدا.
موسلیم هیوای خواست، کە لێکۆڵینەوەی لەو چەشنە ببێتە هۆی سەرکەوتنی گەورەتر لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا.



