KDC

بە چاودێریی سەرۆک بارزانی سبەی یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی دیاسپۆرا لە ئەڵمانیا دەبەسترێت

لە هەنگاوێکی نەتەوەیی و کولتووریی گەورەدا و بە مەبەستی کۆکردنەوەی قەڵەمە پەرتەوازەکانی تاراوگە، بڕیارە سبەی شەممە 25ی تەممووزی 2026، شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا میوانداریی یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا بکات.

ئەم رووداوە گرنگە، کە بەناوی بلیمەتی کورد هەژار موکریانی ناونراوە، لەژێر چاودێری و پشتیوانیی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی،شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی بەڕێوە دەچێت، ئامانجیش لێی پاراستنی رەسەنایەتیی وێژەی کوردی و یەکخستنی نووسەرانی هەرچوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی سۆڤێتی پێشووە لەژێر یەک چەتری هاوبەشدا.

ئەم کۆنگرەیە کە دروشمی بەرەو وێژەیەکی کوردستانیی رەسەن و هاوچەرخ لە تاراوگەی بۆ هەڵبژێردراوە، تەنیا کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەدەبی نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ ئەوەی تواناکانی رەوەندی کوردی لە خزمەتی نیشتماندا بەگەڕ بخرێن، بیرۆکەی پرۆژەکە و سەرپەرشتییکردنی راستەوخۆی کارەکان لەلایەن شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانییەوە بەڕێوە دەچێت، تاوەکو نووسەرانی کورد لە دۆخی گۆشەگیری و تاکەکەسی دەربهێنرێن و رۆڵی کاریگەری خۆیان لە ئاستی نێودەوڵەتی و پاراستنی فەرهەنگی نەتەوەییدا بگێڕن، هاوکات پردێکیش بێت بۆ ئاشناکردنی وێژەی کوردی بە جیهان و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە رۆشنبیرییە جیهانییەکان.

یەکێک لە خاڵە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم کۆنگرەیە، هەڵبژاردنی ناوی هەژار موکریانییە وەک هێمایەک بۆ یەکگرتوویی و سڕینەوەی ئەو سنوورانەی خراونەتە نێوان پارچەکانی کوردستان، چونکە ئەو کەسایەتییە لە بوارەکانی فەرهەنگ، زمان، وەرگێڕان و فەلسەفەدا میراتێکی گەورەی جێهێشتووە، لە لایەکی دیکەوە، چاودێریی سەرۆک بارزانی بۆ ئەم پرۆژەیە، درێژەپێدەری ئەو رێبازە مێژووییەیە کە مەلا مستەفا بارزانیی نەمر لە کاتی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورددا بۆ پشتیوانیکردنی قەڵەم و ئەدەبی کوردی گرتییەبەر، ئەمەش ورە و پێگەیەکی بەهێزتر بە کۆنگرەکە دەبەخشێت.

ئەم فیدراسیۆنە پەیامێکی روونی راگەیاندووە کە، بە هیچ شێوەیەک پاشکۆی هیچ ئایدیۆلۆژیا و حزبێکی سیاسی نییە و دەرگای بۆ سەرجەم قەڵەمە رەنگاوڕەنگ و سەربەخۆکان کراوەیە، ئامانجی باڵای ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا خزمەتکردنە بە ئەدەب و کولتوور، پشتیوانیکردنی گەنجان و هەنگاونانە بەرەو زمانێکی ستانداردی کوردی. هەرچەندە لەم خولەی کۆنگرەکەدا بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و کێشەی تەکنیکییەوە بەشداربوونی نووسەرانی ناوخۆی کوردستان سنووردارە، بەڵام کار بۆ ئەوە دەکرێت لە داهاتوودا پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان نووسەرانی ناوخۆ و تاراوگەدا دروست بکرێت و پێشنیازەکانی کۆنگرەش بکرێنە پرۆژەی درێژخایەنی پراکتیکی.

سەبارەت بە مێژووی سەرهەڵدان و دروستبوونی ئەم فیدراسیۆنە، هەرمن ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، باس لە قۆناغەکانی دامەزراندنی فیدراسیۆنەکە دەکات و چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە.

بە پێی گێڕانەوەکانی هەرمن ئەحمەد، لە دوایین رۆژەکانی ساڵی 2023 و لە شاری ئێسنی ئەڵمانیا، رۆشنبیران و نووسەرانی کوردستان لە تاراوگە بوونە خاوەنی رێکخراوێکی گرنگی تایبەت بە خۆیان، ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی نوێ بوو بۆ ئەوەی کۆتایی ساڵی 2023 ببێتە سەرەتایەک بۆ برەودان بە خەباتێکی نوێی رۆشنبیری لە دەرەوەی وڵات.

رێککەوتی 26ی 12ی 2023، رۆژێکی مێژوویی بوو کە تێیدا مانفێستی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا بە فەرمی راگەیەندرا، ئەمەش بەرهەمی ماندووبوونێکی زۆر و بیرکردنەوەیەکی قووڵ و چەندین دانیشتنی پڕ لە گفتوگۆی کۆمەڵێک نووسەر بوو کە پەرۆشییان بۆ دروستکردنی ئەم ماڵە هەبوو.

هەرمن ئەحمەد کە خۆی یەکێک بووە لەو کەسانەی لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە تا ساتی دامەزراندن بەشدار بووە، ئەم کارە بە ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی دەزانێت و پێی وایە ئەم هەنگاوە بۆ ئەو نووسەر و ئەدیبانەیە کە باری کوردبوون و کوردستانیبوونیان خستووەتە ناو جانتای شانەکانیان و نەیانهێشتووە لە تاراوگەش داببڕێن، ئامانجی سەرەکییان ئەوە بووە کە چیتر توانا و بەرهەم و داهێنانەکانی قەڵەمی کوردی لە دەرەوەی وڵات پەرت و فەرامۆشکراو نەبن، بەڵکو ببنە لۆبییەکی بەهێز بۆ داكۆكیکردن لە مێژوو و فەرهەنگ و کولتووری نەتەوەکەمان و ئەم رێکخراوە ببێتە ماڵ و سەکۆیەکی ئازاد بۆ هەمووان بێ هیچ جیاوازییەک.

لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، قەڵەمە دڵسۆزەکانی گەلەکەمان بەدەم ئەم بانگەوازەوە چوون و دەستەی دامەزرێنەر کە پێکهاتبوون لە سەردار جاف، سدیق شرناخی، هەورامان عەلی، هەرمن ئەحمەد، ئیبراهیم یوسف، غازی حەسەن و بۆبی ئەسەر، توانییان پەیکەری کارگێڕیی فیدراسیۆنەکە بکێشن، ئەم پەیکەرە بەسەر چەندین ناوەندی گرنگدا دابەش بووە، وەک ناوەندی ئەورووپا، ئەمەریکا و کەنەدا، ئاسیا و رووسیا، هەروەها ئەفریقا و وڵاتانی عەرەبی کە هەر یەکەیان دەستەی سەرۆکایەتی و ئەنجوومەنی تایبەت بە خۆیان هەیە. بەم شێوەیەش، فیدراسیۆنەکە بەڵێنی داوە کە ساڵی 2024 و ساڵانی دواتر، بە هەوڵ و هیممەتی نووسەرانی تاراوگە، جوانترین مێژووی پڕ لە خەرمان و بەرهەمی ئەدەبی و رۆشنبیری بۆ نەتەوەکەی بنووسێتەوە.

ئەم رێکخراوە لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاوی فراوانی ناوە و ناوەندی تایبەت بە کیشوەری ئەمەریکای دامەزراندووە، هەروەها لە بەرنامەیدایە ناوەندەکانی ئاسیا، وڵاتانی یەکێتیی سۆڤێتی جاران، وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقاش بکاتەوە، بڕیاریشە دوای تەواوبوونی کۆنگرە، ناوەندی ئوسترالیاش بۆ کۆکردنەوەی نووسەرانی ئەو کیشوەرە دوورەدەستە رابگەیەنرێت.

لە رووی میدیایی و دیجیتاڵیشەوە، فیدراسیۆنەکە پشت بە تەکنەلۆژیای سەردەم دەبەستێت بۆ بەستنەوەی نەوەی نوێ بە کولتوورەکەیانەوە، لە 22ی نیسانی 2024، هاوکات لەگەڵ یادی 126 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی، فیدراسیۆنەکە ماڵپەڕێکی بە ناوی دیاسپۆرا بە هەردوو شێوەزاری کرمانجیی سەروو و ناوەند خستە کار. ئێستا ئەم ماڵپەڕە بووەتە پلاتفۆرمێک بۆ سەدان نووسەر و بابەتی ئەدەبی و مێژوویی، پلانیش هەیە لە داهاتوودا زمانەکانی دیکەی جیهانیشی بۆ زیاد بکرێت، شانبەشانی دەرکردنی گۆڤار و چاپکردنی کتێب بۆ نووسەرانی تاراوگە.

___

گرینلاند لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا 3.5 تریلیۆن تۆن سەهۆڵی لەدەستداوە

KDC

ئەورووپا هەوڵەکانی بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران چڕتر دەکاتەوە

Karzan

پرسەنامەیەک لە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە

Harmn