KDC

لە دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا دەستی پێکرد

ئێستا لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا، یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا دەستی بە کارەکانی کرد.

ئەم رووداوە گرنگە، کە بە دروشمی بەرەو وێژەیەکی کوردستانیی رەسەن و هاوچەرخ لە تاراوگەو بە چاودێری و پشتیوانیی راستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی بەڕێوە دەچێت، درێژەپێدەری ئەو رێبازە مێژووییەیە کە مەلا مستەفا بارزانیی نەمر بۆ پشتیوانیکردنی قەڵەم و ئەدەبی کوردی گرتییەبەر.

پرۆژەکە لەلایەن شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانییەوە بیرۆکەی بۆ دانراوە و سەرپەرشتی دەکرێت، ئامانجیش لێی یەکخستنی نووسەرانی هەرچوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی سۆڤێتی پێشووە لەژێر یەک چەتری هاوبەشدا، بۆ ئەوەی لە دۆخی گۆشەگیری دەربهێنرێن و تواناکانیان لە خزمەتی نیشتماندا بەگەڕ بخرێن.

لە مەراسیمی دەستپێکی کۆنگرەکەدا،  شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی گوتاری کردنەوەی پێشکەش کرد و لە سەرەتای گوتارەکەیدا، وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەرانی سەرۆکایەتیی هەرێم، حکومەت و لایەنە سیاسییەکان، رایگەیاند کە، ئەم کۆنگرەیە بە ناوی شاعیر و نووسەری گەورەی کورد هەژار موکریانییەوە ناونراوە، ئەمەش وەک هێمایەک بۆ سڕینەوەی سنوورە دەستکردەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان و ئەو قۆناغە سەختانەی نووسەران تێیدا زمان و کولتووریان پاراستووە.

 

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، شفا بارزانی ئاوڕی لە مێژووی سەختی ڕۆژنامەگەری و نووسینی کوردی دایەوە و یادی ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ی بەرز نرخاند کە تێیدا میقداد مەدحەت بەدرخان یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستانی لە قاهیرە دەرکرد. هەروەها باسی لە ڕۆڵی گۆڤارەکانی وەک هاوار لە ساڵی ١٩٣٢ بە سەرپەرشتی جەلادەت عەلی بەدرخان و دواتریش گۆڤارەکانی ڕووناهی و نووبارکرد، کە چۆن لە تاراوگە و دوور لە نیشتمان بوونە مینبەرێک بۆ پاراستنی زمان و پێشخستنی ئەدەبی کوردی، هاوکات ئاماژەی بە بوژانەوەی ڕۆژنامەگەری لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهابادیش کرد.

سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی جەختی لەسەر چەمکی دیپلۆماسیی ڕۆشنبیری کردەوە و ڕایگەیاند: هەروەک چۆن سیاسەتمەداران بە دیپلۆماسی و پێشمەرگە بە چەک خەبات دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەمان، ئەرکی نووسەران و ڕووناکبیرانیشە لە ڕێگەی قەڵەمەکانیانەوە لۆبی بۆ دۆزی ڕەوای کوردستان بکەن و مێژوو و مافەکانی گەلەکەمان بە جیهان بناسێنن.

 

لە گوتارەکەیدا، شفا بارزانی ئاماژەی بە ئامادەبوونی د. ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم، چوارچێوەیەکی یاسایی دروست بکرێت بۆ پاراستنی مافی نووسەران و هاوکاریکردنیان لە چاپکردنی بەرهەمەکانیان.

فیدراسیۆنەکە پەیامێکی ڕوونی داوە کە بە هیچ شێوەیەک پاشکۆی هیچ ئایدیۆلۆژیا و حزبێکی سیاسی نییە، لەم بارەیەوە شفا بارزانی داوای کرد کە فیدراسیۆنەکە ببێتە چەترێک و ماڵێک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم نووسەرانی کوردستان بەبێ جیاوازیی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و ئایینی. جەختیشی کردەوە کە دەبێت فرەزاراوەیی زمانی کوردی وەک خاڵێکی بەهێز و دەوڵەمەندی سەیر بکرێت، نەک وەک هۆکارێک بۆ لێکترازان.

هەرچەندە لەم خولەی کۆنگرەکەدا بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و کێشەی تەکنیکییەوە بەشداربوونی نووسەرانی ناوخۆی کوردستان سنووردارە، بەڵام ئامانج ئەوەیە پردێک دروست بکرێت بۆ ئاشناکردنی وێژەی کوردی بە جیهان و بەستنەوەی نووسەرانی ناوخۆ و تاراوگە.

لە گوتارەکەیدا، شفا بارزانی سڵاو و ڕێزی ئاراستەی ڕۆحی ئەو نووسەر و ڕووناکبیرانە کرد کە لە پێناو پاراستنی زمان و ناسنامەی کوردیدا دووچاری زیندان، ئەشکەنجە، دەربەدەری و تەنانەت لەسێدارەدان بوونەتەوە و هیوای خواست ئەم فیدراسیۆنە نوێیە ببێتە دەنگی یەکگرتووی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی لە تەواوی جیهاندا.

 

___

کۆپ 26 : 90 وڵات بە کەمکردنەوەی دەرهینانی میسان بە ڕێژەی 30٪ تا ساڵی 2030 ڕێکەوتن

KDC

لەندەن: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی پشتگیری خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن

Harmn

ناوەندی نەمسا بەشداری کۆبونەوەی ڕەوەندی کوردستانی و لایەنە سیاسییەکانی ڤێنا دەکات

Harmn