ماڵی ئێزدییان لە پایتەختی نەمسا بە هەماهەنگیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، مەراسیمێکی تایبەتییان بۆ یادی دوازدە ساڵ تێپەڕینی جینۆسایدی خوشک و برا ئێزیدییەکان بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی٨ ٢٠٢٦، لە شاری ڤێننای پایتەختی نەمسا مەراسیمەکە بەڕێوە چوو، کە تێیدا یاد و بیرەوەرییەکانی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان، کە لەلایەن تیرۆریستانی داعش ئەنجام درا، باس کران. لە مەراسیمەکەدا دکتۆر مستەفا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نەمسا، قونسوڵی عێراق و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی نەمسایی، نوێنەرانی ڕێکخراوە مرۆییەکان بەشدارییان کرد.

سەلیم عەزیز، بەرپرسی ماڵی ئێزدییان، بە ماڵپەڕی فەرمیی KDC ڕایگەیاند، کە لە چوارچێوەی مەراسیمەکەدا، جگە لە وتارەکان، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریش پیشان درا، کە بەشێک لە ئازار و رۆژانی سەختی کۆمەڵگەی ئێزیدییەکانی دوای هێرشی داعش پیشان دەدات.

ئەو ئاماژەی بەوەش کردا، کە لە وتارەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە کۆمەڵگەی ئێزیدی لە دوای هێرشی داعش ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورە بوونەتەوە، بۆیە داوای لێ کردووە، کە دامەزراوەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی زیاتر هەنگاو بۆ پشتگیری و چارەسەری کێشەکانی ئێزیدییەکان بنێن.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بەشداربووان یاد و بیرەوەریی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزیدییان نوێ کردەوە و پێداگرییان لەسەر پاراستنی مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر کردەوە.

