بە ئامادەبوونی سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن لە ستۆکهۆڵم یادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی بەڕێوە چوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٣ی٨ی٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید مەراسیمی یادکردنەوەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی بەڕێوە چوو.

ئەم بۆنە لەلایەن ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سوید و بە هاوبەشی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان ڕێک خرابوو، کە تێیدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی دامەزراوە کوردییەکان، نوێنەران و ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردیی بەشدارییان کرد.
لە بەشدارییەکاندا، ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، شەرمین بۆزئەرسەلان جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن، کۆڤان ئامێدی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆنفیدراسیۆن ئامادەی بوون.
لە چوارچێوەی ئەم یاد کردنەوەیەدا، بەشداربووان باسیان لە گرنگیی پاراستنی یادەوەریی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزیدییان کردەوە و جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ ناساندنی ئەو کارەساتە مێژووییە و گەیشتن بە دادپەروەری بۆ قوربانییان و زیاندیوانی ئەو جینۆسایدە کردەوە.

یادی ٣ی ئاب، وەک یادێکی گرنگ لە مێژووی نوێی کوردستان دەژمێردرێت، کە هەموو ساڵێک لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی کوردستانی دەرەوەی وڵات یادی دەکرێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی یادەوەریی ئەو جینۆسایدە بپارێزرێت و دەنگی دادخوازی بۆ قوربانییان بەردەوام بێت.

