KDC

ڕێز لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس هەرمن ئەحمەد نرا

لە چوارچێوەی کار و چالاکییە بەردەوامەکان بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی ژنان و بەهێزکردنی هاودەنگیی کۆمەڵگەی کوردی لە دەرەوەی وڵات، لە 13ی سێپتەمبەری 2026 کەرنەڤاڵێکی بەرفراوانی جەماوەری بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکانی ژنان و فیدراسیۆنەکانی دیاسپۆرا لەژێر دروشمی ژن ڕەنگی جیهانە بەڕێوەچوو، تێیدا خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بە نووسەر و ڕۆژنامەنووس هەرمن ئەحمەد کرا.

لە میانی ئەو بۆنەیەدا کە لە ئەڵمانیا ساز کرا، بەڵگەنامەی ڕێزلێنان لە بەرامبەر خزمەتەکانی بە فەرهەنگ، هونەر و دۆزی ژنان لە ڕێگەی نوێنەرەکەیەوە گەیەندرایە خاتوو هەرمن ئەحمەد، کە لەلایەن دەستەی سەرپەرشتیاری چالاکییەکە، کۆمەڵەی ئەحمەد شێخ بەلۆ و گرووپی کۆما زۆزانەوە ئامادە کرابوو، هاوکات تابلۆیەکی کاتژمێریی تایبەت بە کلتووری ژنانی کورد پێشکەشی کرا.

لە پەیامێکدا کە لە ڕێگەی نوێنەرەکەیەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، خاتوو هەرمن ئەحمەد سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆی ئاراستەی سەرجەم ڕێکخەران، فیدراسیۆنەکان و ناوەندە سپۆنسەرەکان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە مەزنە لە دڵی ئەورووپادا.

هەرمن ئەحمەد لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم خەڵات و ڕێزلێنانە دەستکەوتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو تاجی شکۆمەندییە لەسەر سەری تەواوی ئەو ژنانەی ڕۆژانە بە بیر، بە قەڵەم، بە کار و خەباتی بەردەوامیان تاریکی دەشکێنن و دەروازە بەرەو ڕووناکی دەکەنەوە. هەرمن ئەحمەد خەڵاتەکەی پێشکەش بە ژنانی کۆڵنەدەری نیشتمان کرد، چ لە ناوخۆ و چ لە تاراوگە، کە هەمیشە سەلماندوویانە سەرچاوەی ژیان و داینەمۆی هەستانەوەی گەلەکەیانن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، خاتوو هەرمن جەختی لەوە کردەوە کە ژن تەنیا نیوەی کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو گیان و پێناسەی تەواوی ژیانە، مێژووی ژنی کورد سەلمێنەری ئەوەیە لە سەردەمی تەنگانەدا قەڵغانی بەرگری بووە و لە سەردەمی ئاشتیدا ئەندازیاری بونیاتنانی کولتوور و شارستانییەت بووە،  باسی لەوە کرد کە هیچ میللەتێک ناتوانێت بەرەو ئازادی و سەرفرازی هەنگاو بنێت ئەگەر ژن لە پێشەنگی کایە جیاوازەکان و لە ناوەندی بڕیارداندا نەبێت، چونکە قەڵەمی ژن تەنیا وشە نانووسێت، بەڵکوو هۆشیاری دادەڕێژێت، ئازارەکان دەکاتە هیوا و ڕێگەی نەوەکانی داهاتوو ڕووناک دەکاتەوە.

ئەم چالاکییە نوێنەرایەتیی هەماهەنگییەکی فراوانی نێوان فرەڕەنگیی پێکهاتەکانی گەلی کوردی دەکرد و ژمارەیەکی بەرچاو لە دەزگا و ڕێکخراوەکانی ژنان لە هەر چوارپارچەی کوردستان و تاراوگە تێیدا ئامادە بوون، لەوانە: یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، یەکێتیی ژنانی کوردستان لە سووریا، یەکێتیی ژنانی کورد و ئەڵمان، ناوەندی کوردانی ئاخن لە ئەڵمانیا، کۆمەڵەی زۆزان، ڕێکخراوی دی ئای ئۆ ئی ئێف، کۆمەڵەی دژ بە توندوتیژی بەرامبەر ژنان پێری، هاوپەیمانیی ژنانی کورد لە سووریا، هاوشانی ناوەندە ئێزدی و کولتوورییەکان.

هاوکات ژمارەیەک دامەزراوەی خزمەتگوزاری، ڕاگەیاندن و بازرگانیی دیاسپۆرا وەک کۆمپانیای جی ئێف بی، ناوەندی ڕۆهێڤی، چێشتخانەی ماوەرد، زەیتوون مارکێت و ڤیدیۆ ڕۆناهی هاوکار و سپۆنسەری کەرنەڤاڵەکە بوون، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەیوەندی و هاریکاریی کەرتی ئابووری و مەدەنییە لە سەرخستنی دۆزی ژناندا.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی ئەورووپا، بەتایبەت لە ئەڵمانیا، توانایەکی بەرچاوی لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەی مەدەنیدا نیشان داوە، ژنانی کورد لە دەرەوەی وڵات وەک پردی پەیوەندی لە نێوان پاراستنی پێناسەی نەتەوەیی و کرانەوە بەڕووی کۆمەڵگەی پێشکەوتووی جیهانیدا دەبینرێن، لەم ئاراستەیەدا، مێژووی دێرینی کارکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە ساڵی 1952ـەوە، بەردەوام سەرچاوەی پێگەیاندنی سەرکردەی ژن بووە لە هەموو بوارەکاندا.

ڕێزلێنان لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس هەرمن ئەحمەد کە لە ئێستادا وەک سەرنووسەری گۆڤاری ڕەوەند سەر بە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنەکە کار دەکات و خاوەنی کتێبی من و کەرکووکە، هەروەها خاوەنی دەیان توێژینەوە و وتارە لەسەر پرسی نەتەوەیی و مافەکانی ژنان، ڕەنگدانەوەی بەرزنرخاندنی پێگەی قەڵەم و چالاکییە مەدەنی و ڕۆشنبیرییەکانە لە بەهێزکردنی بزووتنەوەی ژنانی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.

___

عێراق:- ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێش وەخت بەڕێوەدەچێت

KDC

کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکی گەیشتە ستۆکهۆڵم

Harmn

فەڕەنسا: دادگای تێهەڵچوونەوە دوابڕیاری لە بارەی گروپی کۆمپانیاکانی لافارگی پەسەند کرد

Harmn