بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی شوناس و کەلتووری نەتەوەیی لە تاراوگە، فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوە کوردییەکان، ئامادەکاری بۆ سازکردنی فێستیڤاڵێکی جەماوەری و کەلتووریی گەورە بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای نیشتمانیی کوردستانەوە دەکات.
ئەم کەرنەڤاڵە کەلتوورییە لە ڕۆژی شەممە، 19ی کانوونی یەکەمی 2026، لە کاتژمێر 16:00 تاوەکو 21:00ی شەو، لە شاری سخیدامی هۆڵەندا لە هۆڵی نیڤە دامڵان ژمارە 5 بەڕێوە دەچێت، لە ڕێگەی بانگەوازێکی گشتییەوە، داوا لە سەرجەم کوردستانیانی دانیشتووی هۆڵەندا لە هەموو چین و توێژەکان، گەنجان، بەساڵاچووان و خێزانەکان کراوە کە بەشداری لەم بۆنە نیشتمانییەدا بکەن.
بەپێی بەرنامەی ڕاگەیەندراوی چالاکییەکە، فێستیڤاڵەکە چەندین بڕگەی هەمەچەشن لەخۆ دەگرێت کە ڕەنگدانەوەی مێژوو و ڕۆشنبیریی گەلی کوردن، لەوانە پێشکەشکردنی مۆسیقای رەسەنی کوردی، هەڵپەڕکێی میللی، پێشانگەی کەلەپوور و کەلتووری، لەگەڵ ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی گیانی تەبایی و پەیوەندیی نێوان ئەندامانی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات.
ڕێکخەرانی بۆنەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامانج لەم کۆبوونەوە جەماوەرییە، نوێکردنەوەی پەیمانی وەفادارییە بۆ ئاڵای نیشتمانی و پاراستنی بەها و شوناسی نەتەوەیی لە نێو نەوەی نوێی تاراوگەدا، تاوەکو هەمیشە پەیوەست بن بە مێژوو و نیشتمانی دایکەوە.
پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2004 بە بڕیارێکی فەرمی رۆژی 17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کرد، ئەمەش وەک ڕێزگرتنێک لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ساڵی 1945 لە شاری مەهاباد، ساڵانە لەم یادەدا، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرجەم وڵاتانی تاراوگەدا، کۆمەڵگە و ناوەندە کوردییەکان ئەم بۆنەیە بە فێستیڤاڵ و چالاکیی جۆراوجۆری مەدەنی و کەلتووری بەرز ڕادەگرن.

