KDC

شاندی ژنانی کورد بەشداری لە لوتکەی سەرکردایەتیی G100 لە پورتوگال دەکات

نوێنەرانی فیدراسیۆنی ژنانی کوردی دیاسپۆرا و ژمارەیەک لە ناوەندە مەدەنییەکان، بەشداری لە لوتکەی سەرکردایەتیی جیهانیی G100 بۆ ساڵی 2026 دەکەن کە لە شاری سێسمبرای وڵاتی پورتوگال بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستی گەیاندنی دەنگ، ئەزموون و ئامانجەکانی ژنانی کورد بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بڕیاردان و ڕێبەرایەتیی جیهانی.

لە میانەی چالاکییەکانی ئەو لوتکەیەدا، فیدراسیۆنی ژنانی کوردی دیاسپۆرا لە ڕێگەی هەریەک لە شیرین زەکی و ئارێز محەمەدی، لەگەڵ ناوەندی لۆبی KG و کۆنگرێسی نەتەوە و دەوڵەتەکان (CNS) بە نوێنەرایەتیی ئاورنگ شاوەیس بەشدار دەبن، ئامانجی سەرەکیی شاندەکە دەرخستن و چەسپاندنی ناسنامە و پێگەی شایستەی ژنانی کوردە لەنێو گفتوگۆ جیهانییەکاندا، بەتایبەت لە بوارەکانی بەهێزکردنی تواناکانی ئافرەتان، پەرەپێدانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پاراستنی کەلتوور و بەها مرۆییەکان.

بەشداربووانی شاندەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەهێزکردن تەنیا بەدەستهێنانی پلە و پێگە نییە، بەڵکو ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک و یادەوەرییە مێژووییەکان، داکۆکیکردن لە مافی نەتەوە و بیستنی دەنگی ئەو پێکهاتانەی کە لە پێناو ئازادی و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا خەباتیان کردووە.

لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکانی شاندەکەدا، بەڵگەفیلمی سەگەکانی ئارار و حەجاج کە لە بەرهەمهێنانی محەمەد حاجی قادرە، بۆ بەشداربووان و کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان نمایش دەکرێت، بەرهەمە هونەرییەکە وەک ئامرازێکی کاریگەری بەڵگەنامەیی بەکاردەهێنرێت بۆ گەیاندنی ڕەهەندە مرۆیی، مێژوویی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد بە بینەرانی جیهان.

لوتکەی سەرکردایەتیی G100 یەکێکە لە پلاتفۆرمە باڵا نێودەوڵەتییەکان کە لە 100 باڵی پسپۆڕی پێکدێت و ژنانی ڕابەر، سیاسەتمەدار، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و سەرکردەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرانسەری جیهان کۆدەکاتەوە، بە مەبەستی داڕشتنی سیاسەتی نوێ بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە ڕێبەرایەتیکردندا، ئامادەبوونی ژنانی کورد لەم جۆرە کۆڕبەندە جیهانییانەدا، هەنگاوێکی کاریگەرە بۆ گواستنەوەی ئەزموونی بەرگری و پێشەنگایەتیی ئافرەتی کورد لە ئاستی هەرێمییەوە بۆ سەر تەختی دیپلۆماسی و گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان.

___

خولی یانە پاڵەوانەکان ئەوروپا

Harmn

کەنەدا: لەناوەندی لەندەن ڕۆژی ئاڵا بەرزڕاگیرا

Harmn

ئەڵمانیا: شاندی باڵای کۆنفیدراسیۆن سەردانی بارەگای پارتێکیان کرد

Harmn