KDC

قوتابخانەی زمانی کوردیی شەهید شەعبان غەفار لە فەرەنسا کرایەوە

بۆ خزمەتکردنی نەوەی نوێی کوردانی تاراوگە، ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە ناوچەی ئۆڤێرنی فەرەنسا، ڕۆژی یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2026، لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا قوتابخانەی زمانی کوردیی شەهید شەعبان غەفاری کردەوە، ئەم پڕۆژە فێرکارییە بە پشتگیریی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و لە چوارچێوەی پڕۆتۆکۆلێکی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە، بە ئامانجی برەودان بە فێرکردنی زمانی دایک بۆ منداڵانی کوردی دیاسپۆرا.

ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەکە بە بەشداریی دەیان منداڵی تەمەن 7 بۆ 15 ساڵان و کەسوکاریان بەڕێوە چوو، کە تێیدا خێزانە کوردەکان بە بایەخێکی زۆرەوە پێشوازییان لەم دەستپێشخەرییە کرد و وەک وەچەرخانێکی گرنگ بۆ پاراستنی زمان و کولتووری کوردی لە ئەورووپا وەسفیان کرد.

لە بەشێکی ڕێوڕەسمەکەدا، نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی تیشکی خستە سەر هۆکاری ناونانی ناوەندەکە بە ناوی شەهید شەعبان غەفار و ڕوونی کردەوە کە ئەو کەسایەتییە پاڵەوانێکی نیشتمانی بووە کە لەپێناو خاکی نیشتمان و نەتەوەکەیدا گیانی بەخشیوە، بۆیە هەڵبژاردنی ئەم ناوە وەک پەیامێکە بۆ فێرخوازان و نەوەی نوێ تا فێری بەها باڵاکانی ئازایەتی، خۆبەختکردن و نیشتمانپەروەری ببن.

هاوکات، بێوار شەعبان، سەرۆکی ناوەندی دیاسپۆرای کوردستان لە ئۆڤێرن، ستراتیژ و بەرنامە فراوانەکانی ناوەندەکەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە دا، ئەرکی ئەوان تەنها لە سنووری پۆلەکانی زمانی کوردیدا ناوەستێت، بەڵکو کار دەکەن بۆ ناساندنی مێژوو و کەلتوور و شارستانیەتی کوردی بە فەرەنسییەکان و ڕاهێنانی نەوەی نوێ لەسەریان، لە پاڵ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ڕاییکردنی مامەڵە کارگێڕییەکانیان و ئاسانکاری بۆ تێکەڵاوبوونیان لە کۆمەڵگەی فەرەنسیدا.

بە گوتەی سەرۆکی ناوەندەکە، لە پێناو گەشەپێدانی تواناکانی کۆمەڵگەی کوردی، چەندین کەرتی جیاواز لە ناوەندەکەدا خراونەتە گەڕ، لەوانە دامەزراندنی تیمێکی تۆپی پێ بۆ منداڵان و لاوان، پێکهێنانی گرووپێکی هەڵپەڕکێ و فۆلکلۆری کوردی بۆ زیندووڕاگرتنی میراتی هونەری، تۆڕێکی چالاک بۆ گەنجان، شانبەشانی بەشێکی تایبەت بە ژنان کە لە ڕێگەی ڕێکخستنی خولی هۆشیاری، ڕوونکردنەوەی ماف و ئەرکەکانی هاووڵاتیبوون و چالاکیی مەدەنییەوە کار بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە تاراوگە دەکات.

هەر لە میانەی بۆنەکەدا، ڤێمان شان بە گرنگییەوە باسی لە فێربوونی زمانی دایک بۆ ڕۆڵەکانی دیاسپۆرا کرد و جەختی لەوە کردەوە، پاراستنی زمان ڕاستەوخۆ پاراستنی ناسنامەیە، چونکە زمانی کوردی دەبێتە پردی پەیوەندیی نێوان نەوە تازەکان و مێژوو و دابونەریتی گەلەکەیان، هەروەها دایک و باوکانی بەشداربوو پێزانینی خۆیان بۆ ناوەندی ئۆڤێرن و کۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرا دەربڕی لە پای ئەم هەوڵە پەروەردەییە کە داهاتووی ڕۆشنبیریی منداڵەکانیان گەرەنتی دەکات.

ئەم دەستکەوتە پەروەردەییە ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی قووڵی لە فەرەنسا هەیە، شاری کلێرمۆن فێران لە ناوچەی شاخاوی و سروشتجوانی ئۆڤێرن لە ناوەڕاستی فەرەنسا، نزیکەی چوار دەیەیە بووەتە یەکێک لە مەڵبەندە سەرەکییەکانی نیشتەجێبوونی کورد لەو وڵاتە، مێژووی ئەم کۆمەڵگەیە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی 1980، کاتێک بەهۆی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، ژمارەیەک خێزانی کورد پەنایان بردە بەر ئەورووپا و بە هاوکاریی ڕێکخراوە مرۆییەکان بەتایبەت خاتوو دانیێل میتێران، لەم شارەدا جێگیر کران.

هەرچەندە لە سەرەتادا ژمارەیان چەند سەد کەسێک بوو، بەڵام دواتر بەهۆی شەپۆلەکانی دیکەی کۆچ، بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی ڕۆژاوای کوردستان، ڕەوەندی کوردی لە ئۆڤێرن بەردەوام ڕووی لە هەڵکشان کرد و ئەمڕۆ سەدان خێزان پێک دەهێنن، ئەم کۆمەڵگەیە لە پەنابەرییەوە گۆڕاون بۆ پێکهاتەیەکی مەدەنی و فەرهەنگیی زۆر کاریگەر، کە لە ڕێگەی دامەزراندنی ڕێکخراوە جیاوازەکانەوە پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ کۆمەڵگەی فەرەنسی دروست کردووە و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان پاراستووە.

کردنەوەی قوتابخانەی شەهید شەعبان غەفار لە قۆناغی ئێستادا، وەک بەڵگەیەکی ڕوون لەسەر بەردەوامیی ئەو ئیرادە بەهێزەی کوردانی فەرەنسا دەبینرێت، کە دەیانەوێت سەرەڕای دوورییان لە نیشتمان، زمان و کەلەپووری باوباپیرانیان بە زیندویی بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازنەوە.

___

ئۆرشەلیم پۆست:ئەردۆگان سەرکۆنەی هێرشەکانی سەرئیسرائیل دەکات

Harmn

ژمارەی منداڵە ئاوارەکانی جیهان لەساڵی 2021,زیاتر لە 25ملیۆن دەبێت

Harmn

ئیتڵاعات سێ هاووڵاتی دیکەی کوردی دەستگیر کرد

KDC