شاندێکی باڵای فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی-کەفکاسیا، سەردانی هەریەکە لە بەشی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی١٠ی٢٠٢٦، هەریەکە لە ڕەمەزان سەیدۆف بەرپرسی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی-کەفکاسیا، دۆرۆن بێک و جکشن بێک نوێنەرانی تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی قیرغیزستان، لە دوو سەردانی جیادا، سەردانی د. جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریان کرد و پێشوازییان لێ کرا.

لە دیدارەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی ناسنامەی نەتەوەکان، ناساندنی زیاتر و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قیرغیزستان کرا. هەروەها گرنگی بە پەرەپێدانی هاوکاری لە بوارەکانی میدیا و ڕاگەیاندن، گەشتوگوزار، شوێنەوار و کەلتوور، هاندانی وەبەرهێنان و هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان هەردوولا باسیان لێوە کرا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکاندا، پێگەی هەرێمی کوردستان لەڕووی گەشتوگوزاری و شوێنەوار و کەلتوورەوە بۆ شاندەکە ڕوون کرایەوە. شاندەکەش خۆشحاڵیی خۆیلن بە دیدارەکان دەربڕی و جەختیان لەسەر پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا کردەوە.

