KDC

نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی ڕۆمانیا پرسی کورد دەخاتە ڕوو

بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە پەرلەمانی ڕۆمانیا بەشداریی لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیدا کرد و لەگەڵ پەرلەمانتاران و بەرپرسانی وڵاتانی بەشداربوو، دۆزی کورد و پاراستنی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ کرد.

ڕۆژی هەینی 13ی نۆڤەمبەری 2026، ڕەحیم ڕەشیدی، ناسراو بە مستەر کورد، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جۆرج سیمیۆن، سەرۆکی پارتی هاوپەیمانی بۆ یەکگرتنی ڕۆمانییەکان، لە بوخارێستی پایتەختی ڕۆمانیا بەشداریی لە کۆڕبەندی ئەورووپادا کرد کە بە ناونیشانی ڕوانگە، ناسنامە و پەروەردە بەڕێوە دەچێت، هاوکات د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بروکسل، یەکێکی دیکەیە لە بەشداربووانی کۆڕبەندەکە.

لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، ڕەشیدی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا، پەرلەمانتارانی وڵاتانی بەشداربوو، سیاسەتمەداران و نوێنەرانی حکوومەتەکان گفتوگۆی کرد لەبارەی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی شەڕی ئەمریکا و ئێران. لای خۆیانەوە پەرلەمانتارانی ئەورووپا و وڵاتانی بەشداربوو پێشوازییان لە ئامادەبوونی نوێنەری کۆنفیدراسیۆن کرد و پشتیوانیی هەمەلایەنەی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

لە لایەکی دیکەوە، شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕێکخەرانی کۆڕبەندەکە، سوپاسی بانگهێشتکردنی کۆنفیدراسیۆنی کرد و جەختی لە بەردەوامیی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ بەرنامەکانی داهاتوو کردەوە.

کۆڕبەندی ئەورووپا لەلایەن پارتی هاوپەیمانی بۆ یەکگرتنی ڕۆمانییەکانەوە (AUR) لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕێک خراوە و شاندی زیاتر لە 50 وڵات تێیدا بەشدارن، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە تایبەتن بە داهاتووی ئەورووپا، سەروەریی وڵاتان، ناسنامەی نەتەوەیی، پاراستنی نەریتەکان و هاوکاریی نێوان دەوڵەتە سەربەخۆکان، بەشداریی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لەم گردبوونەوە نێودەوڵەتییەدا، بەشێکە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیاندنی دەنگی کورد و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە سیاسییەکانی ئەورووپادا.

___

بەرپرسی ناوەندی لەندەن خەڵاتێکی جیهانی وەردەگرێت

Harmn

ترامپ هێرش دەکاتە سەر بایدن «ئەو باش نییە تەوقە لەگەڵ هەوا دەکات»

Harmn

لەبەردەم بینای قائیمقامی شاری بینگهامتۆن، لە ولایەتی نیویۆرک، ئاڵای کوردستان بە شێوەی فەرمیی هەڵکرا. 

KDC