حکوومەتی قوبرس دەستی بە دەرکردنی زۆرەملێی ئەو پەنابەرە سوورییانە کردووە، کە داواکاریی پەنابەرییان بە شێوەیەکی کۆتایی ڕەت کراوەتەوە.
نیکۆلاس یوانیدیس جێگری وەزیری کۆچ و پاراستنی نێودەوڵەتیی قوبرس ڕایگەیاندووە، لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە زیاتر لە ٥ هەزار داواکاریی پەنابەریی هاووڵاتییانی سووریی ڕەت کراوەتەوە و پرۆسەی گەڕاندنەوەی زۆرەملێیان بە هاوکاریی پۆلیس دەستی پێ کردووە.
هەروەها دەستیان بە هەڵوەشاندنەوەی مافی مانەوەی کاتی بۆ ئەو پەنابەرانەش کردووە، کە بە شایستە دانانرێن، لەگەڵ چڕکردنەوەی پشکنینەکان بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی بە شێوەی نایاسایی لە وڵاتەکەدا دەژین یان کار دەکەن.
یوانیدیس حەختی لەسەر ئەوەش کردووە، کە بەزۆر پەنابەرانی سووری دەگەڕێننەوە.

