کچێکی کوردی نیشتەجێی وڵاتی بەریتانیا، پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی نوێی بە ناوی KurdFace خستە کار، کە وەک یەکەم وێبسایتی زانستی بە زمانی کوردیی سۆرانی، هاوکاریی بەکارهێنەران دەکات بۆ هەڵبژاردنی دروستی بەرهەمەکانی چاودێریکردنی پێست و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ماددەی نەگونجاو.
ئارەزوو مەحموود کە خاوەنی ئەزموونی 15 ساڵ کارکردنە لە بواری پێستدا، وێبسایتێکی دروستکردووە کە میکانیزمی کارکردنەکەی پشت بە زیرەکی و شیکاریی داتا دەبەستێت، بەکارهێنەر تەنیا بە سکانکردنی بارکۆدی بەرهەمەکە دەتوانێت تەواوی پێکهاتەکانی بزانێت. پلاتفۆرمەکە بە پشتبەستن بە زانیارییە زانستییەکان هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمەکە دەکات و دەریدەخات کە تا چەند لەگەڵ جۆری پێستی بەکارهێنەردا گونجاوە، دوای ئەوەی کەسەکە پێشتر جۆری پێستی خۆی لە سیستەمەکەدا دیاری کردووە.
دامەزرێنەری پڕۆژەکە ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە هاووڵاتییان بە ئاگاییەکی زیاترەوە بڕیار لە کڕینی بەرهەمەکان بدەن و کات و پارەی خۆیان بۆ کڕینی ماددەی زیانبەخش و نەگونجاو بەفیڕۆ نەدەن، ئەلگۆریزمی ئەم وێبسایتە لەسەر بنەمای پڕۆژەی OPEN BEAUTY FACT داڕێژراوە و داتابەیسەکەی نزیکەی 12 هەزار ماددەی جیاوازی لەخۆگرتووە، کە بۆ سەلامەتی و دروستیی زانیارییەکانیان پشت بە دەیان توێژینەوەی متمانەپێکراوی زانستی بەستراوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی فراوانبوونی خێرای بازاڕەکانی جوانکاری و زۆریی ڕیکلامە بازرگانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەشێکی زۆری هاووڵاتییان بەهۆی هەڵبژاردنی هەڵەی بەرهەمەکانی پێستەوە تووشی کێشەی تەندروستی دەبن، لە هەمان کاتدا، نەبوونی سەرچاوە و پلاتفۆرمی زانستیی متمانەپێکراو بە زمانی کوردی، وایکردووە کڕیاری کورد زۆرجار بێ زانیاریی تەواو لەسەر پێکهاتەی کیمیایی بەرهەمەکان بڕیاری کڕین بدات، داهێنان و خستنەکاری ئەم جۆرە پلاتفۆرمانە ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی و پاراستنی پێستی بەکارهێنەراندا.
