لە چوارچێوەی چالاکییەکی کولتووریی تایبەت بە ڕەوەندی کوردی لە شاری ئێسنی وڵاتی ئەڵمانیا، ڕۆماننووسی کوردی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، وەجیھە عەبدولڕەحمان، پێنجەمین بەرھەمی ڕۆماننووسیی خۆی بە ناوی گۆڕنەباش بە خوێنەران ئاشنا کرد و بۆ ئامادەبووان واژۆی لەسەر کرد.
لە میانی چالاکییەکەدا کە ژمارەیەک لە کوردانی دیاسپۆرا تێیدا ئامادە بوون، چەند بەشێک لە ڕۆمانە نوێیەکە خوێندرایەوە و گفتوگۆیەکی کراوەش لەبارەی ناوەڕۆکەکەی و پرسی نووسین لەنێوان نووسەر و ئامادەبوواندا بەڕێوەچوو.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ناوی گۆڕنەباش بۆ ڕۆمانەکەی، نووسەر ڕوونکردنەوەی داوە کە ناوەکە لە کەلەپوور و باوەڕە کۆنەکانی کوردیدا سەرچاوەی گرتووە، گۆڕنەباش لە فەرهەنگی کوردیدا ئاماژەیە بۆ بوونەوەرێک یان ئاژەڵێکی ئەفسانەیی کە گۆڕەکان هەڵدەداتەوە و لاشەی مردووەکان دەخوات، بەڵام لەم ڕۆمانەدا ناوەکە وەک هێمایەک بەکارهێنراوە نەک بە مانا حەرفییەکەی.
ڕۆمانەکە بە زمانی عەرەبی نووسراوە، بەڵام نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناوەڕۆک، پاڵەوانەکان و ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەی بەتەواوی کوردین، ئامانجی سەرەکیی ئەم بەرھەمەش دۆکیومێنتکردن و بەئەرشیڤکردنی مێژوو، کەلتوور و بەسەرهاتەکانی گەلی کوردە لە ڕێگەی گێڕانەوەوە، وەک چۆن لە تەواوی بەرھەمەکانی پێشووی و تەنانەت شیعرەکانیشیدا خەمی نەتەوەیی و کوردستانی ڕەنگدانەوەی تەواوی هەبووە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد لە رۆژئاوای کوردستانەوە ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە. سازدانی ئەم جۆرە چالاکییە کولتوورییانە لە تاراوگە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەیەکگەیاندنەوەی ڕەوەندی کوردی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، هاوکات، بەکارهێنانی زمانەکانی دیکە وەک عەرەبی لەلایەن نووسەرانی کوردەوە، بووەتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ گەیاندنی ئێش، ئازار و مێژووی کورد بە نەتەوەکانی دیکە و بەرفراوانکردنی بازنەی خوێنەرانی بەرھەمە کوردییەکان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
