KDC

کچە کوردێکی پەنابەر لە ئەڵمانیا خەڵاتی یەکەمی فەلسەفە بەدەست دەهێنێت

چیرۆکێکی پڕ لە هیوا کە پێچەوانەی هەموو ئەو تێڕوانینە باوانەیە کە بۆ کچانی کورد و پەنابەران لە تاراوگە هەیە، کچە کوردێکی دانیشتووی ئەڵمانیا توانی لە بوارێکی زۆر قورس و ئاڵۆزی وەکوو فەلسەفەدا، خەڵاتی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمەکەی و پلەی چوارەم لەسەر ئاستی تەواوی وڵاتی ئەڵمانیا بەدەست بهێنێت و ناوی خۆی بخاتە ڕیزی 26 باشترین قوتابییەکانی ئەو وڵاتەوە.

زیوا حوسێن سینۆ، ئەو کچە گەنجە کوردەیە کە لە ساڵی 2018 وەک پەنابەر ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە، لە ماوەی ئەو 8 ساڵەدا، نەک تەنیا توانیویەتی زمانەکانی ئەڵمانی و ئینگلیزی بە ئاستێکی زۆر بەرز فێر ببێت، بەڵکوو بەشداریی لە پێشبڕکێیەکی گرنگی فەلسەفیدا کردووە، لەم پێشبڕکێیەدا کە لە هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن بەڕێوەچوو، زیوا بە نووسینی بابەتێکی قووڵ و سەرنجڕاکێش توانی خەڵاتی یەکەم بەدەست بهێنێت و لەسەر ئاستی گشتیی ئەڵمانیاش ببێتە خاوەنی پلەی چوارەم.

بابەتەکەی زیوا لەسەر سنوورە ئەخلاقییەکان بووە و بە زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی، ئەو لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لەو تێڕوانینە فەلسەفییانە گرتووە کە پاساو بۆ کوشتنی مرۆڤ دەهێننەوە لەژێر ناوی نموونەی ئەخلاقیدا و پێی وایە نابێت بە هیچ بیانوویەک ڕەوایەتی بە لەناوبردنی مرۆڤ بدرێت، ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنجە لەم کچە کوردەدا، بوێرییەکەیەتی لە هەڵبژاردنی بیرمەندەکان، ئەو سەرسامە بە فریدریش نیچە، فەیلەسووفی ناسراوی ئەڵمانی کە زۆرجار بە تێڕوانینە تووند و ڕەخنەگرانەکانی دەناسرێتەوە، زیوا بە ڕوانگەیەکی سەربەخۆوە خوێندنەوە بۆ پەڕتووکەکانی نیچە دەکات و بەلایەوە پەسەندە کە ئەو بیرمەندە ڕاستەوخۆ و بێ پێچوپەنا پرسیار دەخاتە سەر بیروباوەڕە چەسپاوەکان، هەرچەندە ڕەخنەشی لە بەشێک لە تێڕوانینەکانی هەیە.

خەونەکانی ئەم کچە کوردە تەنیا لە فەلسەفەدا کورت نابنەوە، ئەو ئامانجییەتی لە داهاتوودا یاسا و فەلسەفە بخوێنێت و تێکەڵ بە جیهانی سیاسەتی ئەڵمانیا ببێت، دەیەوێت وەک ژنێکی کورد ناوی خۆی لەو وڵاتەدا دروست بکات، ببێتە دەنگێک بۆ گۆڕانکاریی ئەرێنی و خزمەتێکی گەورە بەو کۆمەڵگەیە بکات کە تێیدا دەژیێت.

گەیشتن بەم ئاستە بەرزە لە بوارێکی وەکوو فەلسەفە بۆ کچێکی کۆچبەر کە تەنیا چەند ساڵێکە لە ئەورووپا دەژیێت، ڕووداوێکی زۆر دەگمەن و پڕ بایەخە، ئەم سەرکەوتنە پەیامێکی زۆر بەهێزە دژی ئەو وێنا نەرێنییەی زۆرجار بۆ کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکرێت کە گوایە ناتوانن تێکەڵ بە کۆمەڵگەی نوێ ببن، یان ئەو وێنایەی کە کچانی کورد تەنیا وەک قوربانیی دەستی تووندوتیژی نیشان دەدات، سەرکەوتنەکەی زیوا بە ڕوونی سەلماندی کە گەنجانی کورد ئەگەر دەرفەتیان پێ بدرێت، دەتوانن لە قووڵترین و ئاڵۆزترین بوارە زانستی و فیکرییەکاندا کێبڕکێ بکەن، سنوورە کەلتوورییەکان بشکێنن و ببنە سەرچاوەی ئیلهام و شانازی نەک هەر بۆ نەتەوەکەی خۆیان، بەڵکوو بۆ تەواوی ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژین.

___

ئۆرشەلیم پۆست:ئەردۆگان سەرکۆنەی هێرشەکانی سەرئیسرائیل دەکات

Harmn

ئەڵمانیا: یادی ٤٥ ساڵەی دامەزراندنی کۆمکار بەڕێوەچوو

Harmn

سێ ڕێکخراوی نێونەتەوەیی داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن منداڵانی پەنابەر دەستبەسەر نەکرێن

Harmn