لە شاری بۆنی ئەڵمانیا، کۆنفرانسی دیالۆگی کوردی (دیاکورد) بە ناونیشانی (دیاسپۆرای کورد، هێزی ترانس نەتەوەیی و ئاسۆکانی پاشەڕۆژ) بەڕێوەچوو،کە تێیدا شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، گوتارێکی گرنگ و بەهاداری لەسەر ئایندەی کورد و ئەرکەکانی دیاسپۆرا پێشکەش کرد.
ئەم کۆنفرانسە کە پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە 12ـی حوزەیرانی 2026، بە بەشداریی بەرفراوانی میوانان دەستیپێکرد، لە پاشنیوەڕۆشدا بە پانێڵێکی ئەکادیمی بە بەشداریی توێژەران حەمید بۆزئەرسەلان، بەهار با سەر، و یاشار عەبدولسەلامئۆغڵو بە مۆدێراتۆریی چنور قادری بەردەوام بوو..
شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە گوتارەکەیدا لە، کۆنفرانسی دیالۆگی کوردی، پێزانینی خۆی ئاڕاستەی ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە کرد و ڕایگەیاند، دیسکی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی بە ئامانجی پشتگیریکردنی هەموو ئەو دامەزراوە و ڕێکخراوانە کار دەکات کە بە ڕۆحیەتێکی ڕاستەقینەی کوردستانییەوە تێدەکۆشن، هاوکات جەختی کردەوە لەوەی کارەکانی دیسکی دیاسپۆرا لەسەر بنەمای پڕکردنەوەی کەلێنە مێژووییەکان و بەهێزکردنی یەکێتیی نەتەوەیی دامەزراون، دوور لە هەر کێبڕکێیەک یان ئامانجێکی حیزبیی بەرتەسک.
شفا بارزانی بە ئاماژەدان بە فەلسەفەی نەتەوەیی مستەفا بارزانیی نەمر، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پرسی کورد پرسی جەستەیەکی یەکگرتووە و دابەشبوونی جوگرافی و سنوورە دەستکردەکان ناتوانن خەبات و چارەنووسی چوار پارچەکەی کوردستان لە یەکدی جیا بکەنەوە، داوای لە سەرجەم هێز و لایەنەکانیش کرد کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بخەنە پێش هەموو جۆرە ئایدۆلۆژیایەک، تاوەکو کورد دووبارە نەبێتەوە بە قوربانیی ململانێی هێزە نەیارەکان.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی باسی لە گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان لە بوارەکانی زانست، تەکنەلۆژیا، ژیریی دەستکرد و جەنگی مۆدێرندا کرد، ئەو جەختی لەسەر پێویستیی خۆگونجاندنی ڕەوەندی کوردی لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە نوێیانەدا کردەوە، بە شێوازێک کە نەک تەنها ناسنامە و زمانی نەتەوەیی بپارێزرێت، بەڵکو پەیوەندیی نێوان نەوەی نوێ و کۆن لە دیاسپۆرا بەهێزتر بکرێت بۆ بەردەوامبوونی خۆشەویستیی نیشتمان.
شفا بارزانی لە گوتارەکەیدا دۆخی سیاسیی پارچەکانی کوردستانی شی کردەوە، لە باکووری کوردستان پاڵپشتیی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی ڕاگەیاند، بەڵام هۆشداریی لە ناڕوونیی ڕێڕەوەکەی دا، لە ڕۆژئاوای کوردستان قوربانیی کچ و کوڕانی کوردی بەرز نرخاند، هاوکات داوای هەڵوێستی ڕوونی نەتەوەیی کرد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەو فشارانە کرد کە پێویستیان بە ئامادەکاریی نەتەوەیی هەیە و لە باشووری کوردستانیش تیشکی خستە سەر گرنگیی پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم لە بەرانبەر ئەو فشارە بەردەوامانەی کە دەیانەوێت لاوازی بکەن.
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی وتەیەکی سەرۆک بارزانی بەبیرهێنایەوە کە پێویستە کار بۆ کوردایەتی بکرێت نەک حیزبایەتی، ئەو داوای لە ڕەوەندی کوردی کرد کە بە ڕۆحیەتی یەکڕیزییەوە و بە بەکارهێنانی ڕێگا یاسایی و دیموکراتییەکان لە وڵاتانی خانەخوێ، دەنگی 50 ملیۆن کورد بە ناوەندەکانی جیهان بگەیەنن و ڕێگە نەدەن ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست بچێت.


