لە کاتێکدا حکومەتی ئیسپانیا پێشبینی دەکرد پرۆگرامی نوێی پێدانی مافی مانەوە تەنها کێشەی نیو ملیۆن کۆچبەری بێ بەڵگەنامە چارەسەر بکات، پۆلیسی نیشتمانیی ئەو وڵاتە ئاشکرای دەکات کە بەهۆی یاسای یەکگرتنەوەی خێزانییەوە، لەوانەیە ئەم پرۆسەیە ببێتە هۆی هاتنی نزیکەی سێ ملیۆن کەسی نوێ بۆ وڵاتەکە، ئەمەش نیگەرانییەکی گەورەی ئەمنی و کارگێڕیی لە ناوخۆی ئیسپانیادا لێکەوتووەتەوە.
کاتێک حکومەتەکەی پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، لە سەرەتای ئەمساڵدا پرۆگرامی ڕێکخستنەوەی کۆچبەرانی ڕاگەیاند، وەزیرەکان پێشبینییان دەکرد لە نێوان 400,000 بۆ 500,000 کۆچبەری بێ بەڵگەنامە کە پێشتر لە ئیسپانیا دەژیان، داواکاری بۆ وەرگرتنی پێگەی یاسایی پێشکەش بکەن،بەڵام پێش تەواوبوونی وادەی دیاریکراو، زیاتر لە 1.2 ملیۆن داواکاری پێشکەش کران، کە بەمەش ژمارەکە نزیکەی دوو هێندەی پێشبینییە فەرمییەکانی تێپەڕاند.
لە ئێستادا بەرپرسانی باڵای پۆلیس هۆشداری دەدەن کە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەم پرۆسەیە زۆر گەورەتر دەبن، بەپێی خەمڵاندنەکانی سەندیکای پیشەیی پۆلیس بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی پۆلیسی نیشتمانی، هەر کۆچبەرێک کە پێگەی یاسایی پێدەدرێت، دواتر دەتوانێت لە ڕێگەی ڕێکارەکانی یەکگرتنەوەی خێزانییەوە کەسوکارە نزیکەکانی بهێنێتە ئیسپانیا، ئەمەش دەتوانێت بە تێپەڕبوونی کات کۆی گشتیی سوودمەندبووانی پرۆسەکە بۆ نزیکەی سێ ملیۆن کەس بەرز بکاتەوە.
نوێنەرانی پۆلیس ڕەخنەی توند لە حکومەت دەگرن بەهۆی گواستنەوەی بەرپرسیارێتیی هەڵسەنگاندنی داواکارییەکان لە پۆلیسی نیشتمانییەوە بۆ وەزارەتی کۆچ، ئەوان پێیان وایە ئەم هەنگاوە شارەزایی پۆلیس لە پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە و بەڵگەنامەکان پەراوێز دەخات و پشکنینەکانی تایبەت بە ڕاستیی بەڵگەنامەکان و پێشینەی تاوانکاری لاواز دەکات، بەرپرسانی پۆلیس ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئێستادا ئەرکی ئەفسەرانی بیانی بە زۆری کورت بووەتەوە بۆ کاری کارگێڕی و دەرکردنی کارتی نیشتەجێبوون بۆ ئەو داواکارییانەی کە پێشتر لەلایەن وەزارەتەوە پەسەندکراون، کە بە بڕوای ئەوان ئەمە وا دەکات بەمنزیکانە تەواوی سیستەمەکە بەرەو داڕمان بچێت.
سەندیکاکە هۆشداری لە زیادبوونی مەترسیی ساختەکاری دەدات، بەتایبەتی کە ئەو قەبارە بێپێشینەیەی داواکارییەکان فشارێکی زۆر دەخاتە سەر دەسەڵاتدارانی کۆچی ئیسپانیا، ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە خەڵک لە وڵاتانی دیکەوە بڕە پارەیەک بدەن بەو کەسانەی لە ئیسپانیا پێگەی یاساییان هەیە بۆ ئەوەی بە بەڵگەنامەی ساختە خۆیان وەک خزم یان کەسوکاریان بناسێنن و بێنە ناو وڵاتەکەوە.
لە بەرانبەردا، حکومەتەکەی سانچێز بەرگری لە بڕیارەکەی دەکات و بە وەڵامێک بۆ کەمیی دەستی کار و پاشەکشەی دیمۆگرافی وەسفی دەکات، بەو پێیەی هێنانی کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە بۆ ناو ئابووریی فەرمی، دەبێتە هۆی زیادبوونی داهاتی باج، باشترکردنی پاراستنی مافی کرێکاران و یارمەتیدانی بەردەوامبوونی سیستەمی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئیسپانیا، هەروەها وەزیرەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پرۆگرامەکە تەنها بۆ ئەو کۆچبەرانەیە کە پێشتر لە ئیسپانیا بوون، نەک هاندان بێت بۆ هاتنی شەپۆلی نوێی کۆچبەران.
ئەم پرۆسەی پێدانی مافی مانەوەیە بە حەوتەمین پرۆگرامی لەو جۆرە لە ئیسپانیا دادەنرێت لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا، کە یەکێکە لە گەورەترین هەڵمەتەکانی ڕێکخستنەوەی کۆچبەران کە تا ئێستا لە مێژووی ئەوروپادا ئەنجام درابێت.
ئەم هەنگاوەی مەدرید لە کاتێکدایە کە زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا سیاسەتەکانی کۆچیان توندتر کردووەتەوە و دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەیان زیاد کردووە کە داواکاریی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە، ئەم بڕیارە جیاوازەی ئیسپانیا بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێک لە ڕەخنە لەلایەن پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و نوێنەرانی پۆلیسەوە، کە پێیان وایە لە کاتی بڕیارداندا حکومەت هەڵسەنگاندنێکی زۆر کەمتری بۆ کاریگەرییەکانی یەکگرتنەوەی خێزانی کردووە و مەترسییەکانی بە کەم سەیر کردووە.

