KDC

 230 کۆچبەر بە یەک بەلەم گەیشتنە بەریتانیا

بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆچی نایاسایی لە ڕێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە، ریکۆردێکی نوێ لە ژمارەی سەرنشینانی یەک بەلەم تۆمار کرا و 230 کۆچبەر بە یەک گەشت گەیشتنە خاکی بەریتانیا.

ئەم ژمارەیە بەرزترین ئاستە کە تا ئێستا لە یەک بەلەمی بچووکدا تۆمار کرابێت، کە پێشتر ریکۆردەکە لە مانگی تەممووزدا بە 165 کەس بوو.

بەلەمەکە کە درێژییەکەی تەنیا 15 مەتر بووە، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە گەیشتووەتە بەریتانیا. بەپێی وێنە بڵاوکراوەکان و گوتەی تیمە ڕزگارکەرە فەڕەنسییەکان، بەلەمەکە بەهۆی زۆریی ژمارەی سەرنشینانەوە خەریک بووە تێکبشکێت و زۆربەی کۆچبەرەکان قاچیان لەناو ئاودا بووە، ئەمەش مەترسی ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێ دەکرا.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا و نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم ڕووداوە نیشاندەری پلانە مەترسیدارەکانی باندە تاوانکارییەکانە، کە بۆ دەستکەوتی دارایی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە خەڵک، لەوانەش منداڵی ساوا، دەخەنە ناو بەلەمی نەشیاو بۆ دەریاوانی، بەپێی ئامارەکان، تێکڕای ژمارەی کۆچبەران لە هەر بەلەمێکدا لە 7 کەسەوە لە ساڵی 2018 بۆ 62 کەس لە ساڵی ڕابردوو بەرز بووەتەوە.

لەگەڵ تۆمارکردنی ئەم ریکۆردە نوێیە، ئامارە گشتییەکان نیشانی دەدەن کە کۆچی نایاسایی لەمساڵدا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمی کردووە، کۆی گشتی ئەو کۆچبەرانەی لە ساڵی 2026 تا ئێستا گەیشتوونەتە بەریتانیا 15,242 کەسە، کە ئەمەش بە ڕێژەی 43% کەمترە لە ساڵانی پێشوو، بەرپرسانی بەریتانیا ئەم دابەزینە بۆ سەرکەوتنی هەوڵەکانیان لە تێکشکاندنی زنجیرەی دابینکردنی بەلەم و بزوێنەرەکان دەگەڕێننەوە، کە تێیدا زیاتر لە 1,100 بەلەم و بزوێنەر دەستیان بەسەردا گیراوە.

کەناڵی ئینگلیز بە یەکێک لە قەرەباڵغترین و مەترسیدارترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان دادەندرێت، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی ئەم ڕێگەیە دەگرنە بەر، لە وڵاتانی هەژار و پڕ لە ململانێوە دێن و دوای گەیشتنیان داوای مافی پەنابەری دەکەن، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، بەریتانیا و فەڕەنسا لە نیسانی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی گەورەیان بە گوژمەی 662 ملیۆن پاوەند واژۆ کرد، کە ئامانج لێی زیادکردنی هێزە ئەمنییەکانە لە کەناراوەکاندا لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای درۆن و هێلیکۆپتەر بۆ ڕێگریکردن لە باندەکانی قاچاخچییەتی و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان.

 

___

هۆڵەند: دیدارێک لەگەڵ ماڵی شارەوانی موردایک لە زەیڤن بێرخن

Harmn

هۆڵەندا: پرسنامەیەک لە ناوەندی ڕەوەندی کوردستانییەوە بۆ خاتوو چیمەن نەقشبەندی

Harmn

عێراق:لە چلەی ئیمام حسێن ١٧ملیۆن کەس بەشداری کردوە

KDC