KDC

دەزگای ئاسایشی نهێنیی سوید باوکی چوار منداڵ دیپۆرت دەکەنەوە

خێزانێکی پەنابەر لە شاری نورشۆپینگی سوید، دوای دەستگیرکردنی باوکی خێزانەکە و ئامادەکردنی بۆ دیپۆرتکردنەوەی، تووشی شڵەژان و نیگەرانی هاتوون. ئەو بڕیارەش لەسەر پێشنیاری دەزگای ئاسایشی نهێنیی سوید (سابۆ) بووە.

هاوسەرەکەی، کە ناوی شەیمایە، دەڵێت: ئەوان زانیارییەکی ڕوونیان لەسەر هۆکاری ئەم بڕیارە وەرنەگرتووە و جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەبێتە هۆی دابڕانی باوکیان لە من و چوار منداڵەکەی.

بەپێی بڕیاری دەزگای کۆچ، کە کۆمپەس دەستی پێ گەیشتووە، کەیسەکەی محەمەد بە “کەیسی ئاسایشی” پۆڵێن کراوە. پێشتر سێ جار مۆڵەتی مانەوەی کاتی پێ دراوە، چونکە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی بارودۆخی سووریا نەتوانراوە دوور بخرێتەوە.

 

لە دێرەزۆرەوە بۆ سوید

محەمەد ئەحمەد عەلی تەمەنی ٣٦ ساڵ، ساڵی ٢٠١٥ گەیشتووەتە سوید. ساڵی ٢٠١٦ مافی مانەوەی کاتی وەرگرتووە، دوای ئەوەی لەسەر کەیسی بوونی داعش لە دێرەزۆر ئەو مافەی پێ درابوو.

 

خێزان و چوار منداڵی سویدی

شەیما هاوسەری محەمەد، وتوویەتی: ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ دوو کچی خۆی لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە سوید.

ئێستا ئەوان چوار منداڵیان هەیە، کە هەموویان هاووڵاتیی سویدن:

دوو کچیان بە تەمەنی ١٠ و ١٢ ساڵان،

دوو کوڕیشیان، کە لە سوید لە دایک بوون تەمەنییان ٧ و ٨ ساڵانە.

شەیما، کە هێشتا مافی مانەوەی کاتی هەیە دەڵێت: دوای چەند ساڵێک لە مانەوەی محەمەد لە سوید، دەزگای کۆچ کەیسێکی بۆ لێسەندنەوەی مافی پەنابەرییەکەی و دیپۆرتکردنەوەی دەست پێ کردووە و ناشزانێ هۆکاری ڕاستەقینە چییە.

 

پێشنیاری سابۆ

بەپێی بڕیارەکە، سابۆ ساڵی ٢٠٢٥ هەڵسەنگاندنێکی ئەمنی پێشکەش کردووە و داوای ڕەتکردنەوەی مافی مانەوەی محەمەدی کردووە بەهۆی هۆکاری ئەمنی.

بەڵام بڕیارەکە وردەکارییەکانی هۆکارەکانی سابۆ ناخاتە ڕوو.

دەزگای کۆچ نووسیویەتی: سابۆ پێشنیاری ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەتی کردووە بە هۆکاری ئەمنی و ئێمە هۆکارێک نابینین بۆ گومانکردن لە پێشنیاری سابۆ.

شەیما ئەوەشی خستۆتەڕوو، من و منداڵەکانم مافی ئەوەمان هەیە بزانین بۆچی دەیانەوێت هاوسەرم لێمان جیا دەکرێتەوە.

 

ئاسایشی گشتیی بەرانبەر بەرژەوەندیی منداڵ

دەزگای کۆچ لە بڕیارەکەیدا وتوویەتی سەرەڕای ئەوەی بەرژەوەندیی منداڵ، کە دەبێت پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ هەردوو دایک و باوکیاندا هەبێت، بەڵام پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە و ڕێکخستنی کۆچ لەو کەیسەدا گرنگتر و لەپێشترە.

هەروەها وتراوە، کە خێزانەکە دەتوانێت لە ڕێگەی پەیوەندیی دیجیتاڵی یان سەردانی وڵاتێکی وەک تورکیا پەیوەندییەکە بپارێزن.

 

گۆڕانی بارودۆخی دێرەزۆر

دەزگای کۆچ پشت بە هەڵسەنگاندنە نوێیەکان لەسەر سووریای نوێ بەستووە و دەڵێت بارودۆخی ئاسایش لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا گۆڕاوە و ئاستی توندوتیژیی نزم بووەتەوە و بارودۆخەکە ناگاتە ئاستی شەڕی ناوخۆیی.

هەروەها دەڵێت: محەمەد کەسێکی مەدەنییە و هیچ بەڵگەیەک نییە، کە لە گەڕانەوەدا وەک مەدەنیی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت.

 

کاریگەری لەسەر منداڵەکان

شەیما باسی لە بارودۆخی ئێستای خۆیان کردووە و وتوویەتی: دەستگیرکردنی هاوسەری، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر منداڵەکان داناوە و هەموویان دەگریەن و نایانەوێت لە ماڵەوە بچنە دەرەوە، چونکە دەیانەوێت باوکیان لەگەڵیان بێت.

جەختی لەوەش کردۆتەوە، کە توانای بەڕێوەبردنی ژیانی چوار منداڵ بەتەنیا ئەستەمە و دەترسێت جێبەجێکردنی بڕیارەکە ببێتە هۆی دابڕانی باوکیان لە منداڵەکانی، چونکە بڕیارەکە قەدەغەی چوونەوەی بۆ سوید و ناوچەی شینگن بۆ ماوەی بیست ساڵ داناوە.

 

بەرپرسیاریی یاسایی

پارێزەر مەجید ئەلناشی لەسەر ئەو کەسە دەڵێت: کێشەی سەرەکی لەم جۆرە کەیسانەدا ئەوەیە، کە دەسەڵاتەکان پشت بە هەڵسەنگاندنی سابۆ دەبەستن، بەڵام زۆر جار کەسی پەیوەندیدار هەموو وردەکارییەکانی هۆکارەکە نازانێت.

ئەوەشی باس کردووە، دەکرێت کەلێنێکی یاسایی دروست بکات، چونکە کەسێک ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر خۆی بپارێزێت ئەگەر نەزانێت بە چی تاوانبار کراوە.

 

کەی مافی مانەوە لە پەنابەر دەسەنرێتەوە؟

بەپێی ڕێنماییەکانی دەزگای کۆچ، مافی مانەوەی کاتی پەنابەر دەتوانرێت وەربگیرێتەوە، ئەگەر:

بارودۆخی وڵاتی رەسەن بە شێوەیەکی بنەڕەتی و بەردەوام گۆڕابێت.

کەسەکە چیتر پێویستی بە پاراستن نەبێت.

هۆکارێکی یاسایی هەبێت وەک مەترسی بۆ ئاسایشی دەوڵەت یان تاوانی گەورە.

___

بەریتانیا: کۆنفدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بانگهێشتی کۆنفرانسێک دەکات

Harmn

شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا بە یاوەری ناوەندی ئەلبەرتا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن

Harmn

تورکیا: 177ئەکتەری سینەمایی سزای عوسمان کاڤالا و هاوڕێیانی بە نایاسایی ناودەبەن

Harmn