دکتۆر گۆران عەبدوڵڵا زەنگەنە، پزیشک و پسپۆڕی دیاری بواری پزیشکی و تەندروستی گشتی، بە فەرمی وەک ڕاوێژکار و سەرپەرشتیاری پزیشکانی پسپۆڕ لە کۆلێژی شاهانەی پزیشکانی ئیدینبەرە لە بەریتانیا دەستنیشان کرا.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی کۆلێژی شاهانەی پزیشکانی ئیدینبەرە کە لە 4ی سێپتەمبەری 2026 دەرچووە و ئاراستەی دکتۆر گۆران عەبدوڵڵا کراوە، ناوبراو بۆ ماوەی 3 ساڵ لە پۆستی سەرپەرشتیاری کاروباری پزیشکانی پسپۆڕ و هاوئاست دەستبەکار دەبێت و ئەرکەکەی تا کۆتایی مانگی سێپتەمبەری 2029 بەردەوام دەبێت.
لە نووسراوەکەدا کە لەلایەن دکتۆر لێسلی داوسن، سکرتێری کۆلێژەکەوە واژوو کراوە، دەستخۆشی و پێزانین بۆ دکتۆر گۆران دەربڕدراوە لە بەرامبەر لەئەستۆگرتنی ئەو ئەرکە پیشەییە گرنگە لەسەر ئاستی بەریتانیا.
دکتۆر گۆران عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەکات کە خۆشحاڵە بە دەستنیشانکردنی وەک ڕاوێژکار لەو ناوەندە ئەکادیمی و پزیشکییە دێرینەدا، ئەوەش وەک دەستکەوتێکی پیشەیی و زانستیی گرنگ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
دکتۆر گۆران عەبدوڵڵا زەنگەنە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو کردووە، دواتر لە ڕێگەی زەمالەی فۆڵبرایتەوە ماستەری لە سیاسەتی تەندروستی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدەستهێناوە، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە تەندروستی جیهانی لە زانکۆی ئیدینبەرەی سکۆتلاند و بڕوانامەی ئەندامێتی لە کۆلێژی شاهانەی پزیشکانی بەریتانیا و ئیدینبەرە هەیە.
لە ئێستادا لە پاڵ کارە کلینیکییەکانی وەک ڕاوێژکاری پزیشکی فریاکەوتن و گشتی لە سیستمی تەندروستی نیشتمانیی بەریتانیا لە سکۆتلاند، هاوکات سەرپەرشتیاری پزیشکانی دەرچووی بیانییە لە تەندروستی لۆسیان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی جیهانیی سیستمەکانی تەندروستییە، دەستنیشانکردنی ناوبراو لەم پۆستە نوێیەدا ڕەنگدانەوەی پێگەی زانستی و توانای بەرزی ناوبراوە لە سەرکردایەتیکردن و پەرەپێدانی کادیری پزیشکی لەسەر ئاستی بەریتانیا و جیهاندا.


