ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتی ٥ ی ١٠ ی ٢٠٢٥، بەبەشداری دکتۆر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خلیل شریف مولود نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و دەیان قوتابی کوردستانیی نیشتەجێی وڵاتە جیاجیاکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا و ئاسیا و بەشێک لە خانەوادەکانیان، ڕێوڕەسمی کردنەوە و دەستپێکردنی کۆرسی چوارەمی فێرکردنی زمانی کوردی بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەکە وەزیری پەروەردە سڵاوی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار مسرور بارزانیی گەیاندە قوتابییە بەشداربووەکان و خانەوادەکانیان، پاشتر تیشکی خستە سەر گرنگی فێربوونی زمانی دایک و پاڵپشتی خانەوادەی ئەو بەشداربووانە بۆ قوتابییەکانیان لەبواری فێربوونی زمانی کوردی، سوپاسی خانەوادەکانیانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربووەکان خواست، هەروەها ئاماژەی بە پاڵپشتی جەنابی سەرۆک وەزیران بۆ ئەم کۆرسانە کرد، دەستخۆشی لەو مامۆستایانەش کرد کە دڵسۆزانەوە و خۆبەخشانە لە کوردستانەوە وانەکان دەڵێنەوە، پاشتر ژمارەیەک لە قوتابییەکان و کەسوکاریان لە چەند وتەیەکدا سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە کرد بۆ فەراهەمکردنی ئەم کۆرسانە و داوایان کرد زیاتر پەرەی پێبدرێت و بەردەوام بێت، چونکە جگەرگۆشەکانیان لەڕێی ئەم کۆرسانەوە فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی دایک بوون، شایانی ئاماژەبۆکردنە ئەم کۆرسانە وەزارەتی پەروەردە لەڕێی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە دەیکاتەوە و تەنها لە کۆرسی چوارەمدا (٢٥٠٠) قوتابی لە (٤٠) وڵاتی دنیاوە بەشدارن.
وەزارەتی پەروەردە
٥ ی ١٠ ی ٢٠٢٥

