KDC

لە کەناراوەکانی ئیزمیر بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوت

شەوی رابردوو لە دەریای ئیجە و لە سنووری پارێزگای ئیزمیری تورکیا، بەلەمێکی هەڵگری کۆچبەرانی نایاسایی ژێرئاو کەوت، بەهۆی رووداوەکەوە کۆچبەرێک خنکا و 43 کۆچبەری دیکەش لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە لە مەرگ رزگار کران.

فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا بڵاوی کردەوە، شەوی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026، لە سنووری شارۆچکەی فۆچا لە دەریای ئیجە، بەلەمێکی پلاستیکی کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو، رووبەڕووی مەترسیی نوقمبوون بووەتەوە. دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکان کەشتییەک، چوار بەلەمی خێرا و هێلیکۆپتەرێکیان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە.

تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە 39 کۆچبەر لەنێو ئەو بەلەمەدا کە خەریک بووە بەتەواوی ژێرئاو دەکەوێت رزگار بکەن، هەروەها چوار کۆچبەری دیکەشیان لەنێو ئاوەکەدا دەرهێناوەتەوە، هاوکات لە کاتی گەڕان و پشکنینەکاندا، تەرمی کۆچبەرێک کە بەهۆی رووداوەکەوە خنکابوو، لە دەریادا دۆزرایەوە.

لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا، هێزە ئەمنییەکان کەسێکیان بە تۆمەتی قاچاخچێتی و رێکخستنی ئەو گەشتە نایاساییە دەستگیر کرد و راستەوخۆ رەوانەی فەرماندەیی جەندرمەیان کرد، کۆچبەرە رزگاربووەکانیش دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچی ئیزمیر کران بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست.

ماوەیەکە حکومەتی تورکیا رێکارە ئەمنییەکانی بە ئامانجی رێگریکردن لە شەپۆلی کۆچبەرانی نایاسایی بەرەو وڵاتانی ئەورووپا زۆر تووندتر کردووە، بەتایبەتی لەو شار و پارێزگایانەی دەکەونە سەر کەناراوەکانی دەریای ئیجە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی کۆچبەران لە تورکیا و باکووری کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام بووە، ئامارەکان دەریدەخەن کە لە ساڵی 2021دا 162,996 کۆچبەر دەستبەسەر کراون، ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2022دا گەیشتووەتە لووتکە و 285,027 کۆچبەر دەستگیر کراون، لە ساڵی 2023دا ژمارەکە 254,008 بووە، لە 2024دا 225,831 و لە ساڵی 2025یشدا 160,253 کۆچبەر دەستبەسەر کراون.

تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 5ی ئاداری 2026، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە 22,876 کۆچبەری نایاسایی بگرن، لە پێنج ساڵی رابردوودا، زۆرترین ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵی پەڕینەوەیان داوە هاووڵاتییانی ئەفغانستان بوون و دوای ئەوانیش سوورییەکان دێن، بۆ ئەمساڵیش زۆرینەی دەستگیرکراوەکان پێکهاتوون لە هاووڵاتییانی ئەفغانستان، سووریا، ئۆزبەکستان، تورکمانستان و ئێران.

لە پاڵ دەستگیرکردنی کۆچبەراندا، رووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتیش چڕتر کراوەتەوە، ژمارەی قاچاخچییە دەستگیرکراوەکان لە 7,942 کەس لە ساڵی 2021ەوە، بەرزبووەتەوە بۆ 13,061 کەس لە ساڵی 2024دا. لە ساڵی رابردووشدا 11,363 قاچاخچی دەستگیر کراون و تەنیا لە چەند مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا 2,051 کەس بەو تۆمەتە رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

___

ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە ،پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادەی دکتۆر مارف دەکات

Harmn

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا کۆچی دواییکرد

Harmn

ناوەندی برۆکسل خەڵاتی رێزلێنانیان بەخشییە خانمە چالاکوانێکی کورد

Harmn