کۆمەڵەی ڕۆژ-لوکس لە وڵاتی لۆکسمبۆرگ زنجیرە چالاکییەکی کولتووری و پەروەردەیی بۆ 34 خوێندکاری قوتابخانەی کوردی ڕێکخست، ئەم دەستپێشخەرییە 16ی ئایاری 2026، بە ئامانجی هاندانی منداڵانی تاراوگە بۆ فێربوونی زمانی دایک و ئاشنابوون بە مێژووی خۆیان بەڕێوەچوو.
لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی لە پەیامێکدا جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی مامۆستایان و خێزانەکان کردەوە لە پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار، هاوکات کتێبی کوردی و ئاڵای کوردستان بەسەر خوێندکاراندا دابەشکران و ڕێز لە ماندووبوونی 3 مامۆستای خۆبەخش گیرا کە ئەرکی وانەگوتنەوەیان لەو وڵاتە گرتووەتە ئەستۆ.
ئامادەبووان و ڕێکخەرانی مەراسیمەکە جەختیان لەوە کردەوە کە فێربوونی زمانی دایک تەنیا پاراستنی ناسنامە نییە، بەڵکو گەشەی ژیریی منداڵ زیاد دەکات و ڕێگە بۆ فێربوونی زمانە بیانییەکانی دیکەش خۆش دەکات.
ئەم چالاکییە هاوکات بوو لەگەڵ یادی دەرچوونی یەکەمین گۆڤاری کوردی بە پیتی لاتینی (گۆڤاری هاوار) لە ساڵی 1932، کە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە نووسینی کوردیدا دەبینرێت. لە وڵاتانی ئەوروپا، ناوەندە کوردییەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئەم جۆرە پڕۆژانەوە ڕێگری لە توانەوەی نەوەی نوێ لە ناو کلتووری بێگانەدا بکەن و پەیوەندییان لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەییان زیندوو ڕابگرن.
