دوای ئەوەی بەبێ هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختە لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتی عێراق کرا، قوتابییەکی کورد بەهۆی هەڵمەتێکی فراوانی یاسایی و مەدەنییەوە توانی ڤیزای خوێندن بەدەستبهێنێتەوە و بگەڕێتەوە سەر کورسییەکانی خوێندن لە زانکۆی شتوتگارت.
رەمزی ئاوات نەبی، ماوەی زیاتر لە 7 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و قوتابی قۆناغی سێی بەشی ئەندازیاریی وزە نوێبووەکانە، رووداوەکە لە شەوێکی درەنگدا روویدا کاتێک پۆلیسی ئەڵمانیا چوونە سەر بەشە ناوخۆییەکەی و بەبێ بوونی هیچ پێشێلکارییەکی یاسایی، دەستگیریان کرد و راستەوخۆ دیپۆرتی شاری بەغدایان کرد، رەمزی لە بەغدا بەبێ پارە و ناسنامە مایەوە و رووبەڕووی دۆخێکی دەروونی و جەستەیی سەخت بووەوە.
دەستبەجێ بیلالی برای، بە هاوکاریی خێزانێکی ئەڵمانی و ژمارەیەک چالاکڤان و سیاسەتمەدار، کەمپینێکی بەرفراوانیان دژی بڕیارەکە دەستپێکرد، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک و نیو بەسەر مانەوەی لە عێراق و کۆکردنەوەی واژۆ و دروستکردنی گوشارێکی زۆری میدیایی و یاسایی، دادگای ئەڵمانیا ناچار بوو پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیدا بکات و مافی گەڕانەوەی وەک قوتابی پێبداتەوە.
ئەم دۆسیەیە دەریدەخات کە بڕیارەکەی پۆلیس و فەرمانگەی کۆچبەرانی ئەڵمانیا هەڵە بووە، چونکە رەمزی وەک قوتابییەکی زیرەک و پابەند بە یاسا ناسراوە و سەرقاڵی نوێکردنەوەی مافی مانەوەکەی بووە و هیچ پێشینەیەکی خراپی نەبووە، لە ئێستادا ئەو گەنجە کوردە گەڕاوەتەوە ناو زانکۆکەی و پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە، ئامانجی کۆتایی رەمزی و براکەی، کە ئەویش قوتابی ئەندازیارییە، ئەوەیە دوای تەواوکردنی خوێندنەکەیان بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و زانستەکەیان بۆ خزمەتی نیشتمانەکەیان بەکاربهێنن.
کارزان حەیدەر
