لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی چینە پێویستەکانی کۆمەڵگە و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆیان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام، ڕێککەوتنێکیان بۆ دروستکردنی سەنتەرێکی تایبەت بە پەرەپێدانی تواناکانی منداڵانی بێسەرپەرشت و ژنانی بێهاوژین واژۆ کرد.
ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن دێت کە لە نێوان هەردوو دەزگا خێرخوازییەکەدا واژۆ کراوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم سەنتەرە نوێیە، ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار و سەردەمیانەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی، پیشەیی و دەروونیی ئازیزان و ئەو ژنانەی هاوژینەکانیان لەدەست داوە، لە ڕێگەی ئەم سەنتەرەوە، هەردوو دەزگاکە هەوڵ دەدەن دەرفەتی گونجاو بڕەخسێنن بۆ ئەوەی ئەم توێژە گرنگە بتوانن لە داهاتوودا پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و ببنە کەسانی کارا و بەرهەمهێنەر لە کۆمەڵگەدا.
جێگەی باسە دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکێکە لە گەورەترین ڕێکخراوە مرۆییەکانی ناوچەکە و ساڵانە هاوکاریی دارایی، پەروەردەیی و تەندروستی پێشکەش بە هەزاران کەس دەکات، پڕۆژەی چاودێریکردنی ئازیزان یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی کارکردنی دەزگاکە و تا ئێستا زیاتر لە 15 هەزار منداڵی ئازیز لەو پڕۆژەیە سوودمەند بوون و مانگانە هاوکاری دەکرێن، لە لایەکی دیکەشەوە، دەزگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەردەوامە لە دروستکردنی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی یەکسان و باشترکردنی گوزەرانی خێزانە کەمدەرامەتەکان، یەکگرتنی تواناکانی ئەم دوو دەزگایە، ئومێدێکی گەورە بەخشیوە بۆ سەرخستنی ئەم سەنتەرە نوێیە.
کارزان حەیدەر
