KDC

دادگای ئەورووپا: کەمکردنەوەی هاوکارییە داراییەکانی ئەڵمانیا بۆ پەنابەران پێچەوانەی یاساکانە

دادگای دادپەروەریی ئەورووپا بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دژی سیاسەتەکانی ئەڵمانیا دەرکرد و رایگەیاند، کەمکردنەوەی هاوکارییە داراییەکان بۆ ئەو پەنابەرانەی کەیسەکانیان رەتکراوەتەوە، سەرپێچییە لە یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا و دەبێت مافە سەرەتاییەکانیان بە پارێزراوی بمێنێتەوە.

دادگای ئەورووپا کە بارەگاکەی لە شاری لۆکسمبۆرگە، لە بڕیارێکی نوێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە رێکارەکانی حکومەتی بەرلین بۆ بڕین یان کەمکردنەوەی هاوکارییەکان بەرامبەر بە پەناخوازە رەتکراوەکان، لەگەڵ پێوەرەکانی یەکێتیی ئەورووپادا ناگونجێن، بەپێی بڕیارەکەی دادگا، ناتوانرێت پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان لەو کەسانە زەوت بکرێت بە پاساوی ئەوەی مافی مانەوەیان پێنەدراوە.

دادگاکە ئەوەشی روون کردووەتەوە کە تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا کە بەپێی یاساکان وڵاتێکی دیکەی ئەورووپی بەرپرسیارە لە وەرگرتن و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی پەنابەرێک، هێشتا ئەڵمانیا وەک ئەو وڵاتەی پەنابەرەکەی تێدا دەژی، ئەرکی لەئەستۆیە کە هاوکارییە سەرەتاییەکانی بۆ دابین بکات و ناتوانێت لە رووی داراییەوە پەراوێزیان بخات.

حکومەتی ئەڵمانیا ماوەیەکە لەژێر فشاری ناوخۆییدایە بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکانی پرسی پەنابەری و خێراترکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە، وەک بەشێک لەو هەوڵانە، دەسەڵاتدارانی بەرلین بڕیاریان دابوو هاوکارییە داراییەکانی ئەو پەنابەرانە ببڕن یان کەمی بکەنەوە کە مافی پەنابەرییان پێنەدراوە، یان بەپێی رێککەوتننامەی دەبلن دەبێت رەوانەی ئەو وڵاتە ئەورووپییانە بکرێنەوە کە یەکەمجار پەنجەمۆریان تێدا کردووە، ئەم بڕیارەی دادگای ئەورووپا دەبێتە بەربەستێکی یاسایی گەورە لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە و ئەڵمانیا ناچار دەکات پێداچوونەوە بە مامەڵەکانی لەگەڵ پەناخوازە رەتکراوەکاندا بکات و بژێویی سەرەتاییان بۆ دەستەبەر بکات.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

___

خانمە کوردێکی دەستگیرکراو مانی لە خواردن گرتووە

Harmn

ئێراق بەبڕی 7 ملیار دۆلار ڕێکەوتنێک لەگەڵ وڵاتی چین دەکات

Harmn

فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی گەورەترین سەیرانی هاوینە لە هۆڵەندا ساز دەکات

Karzan