KDC

پرۆسەی یەکگرتنەوەی خێزان لە ئەڵمانیا ئاڵۆزتر دەبێت

بەپێی نوێترین داتاکانی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا، پرۆسەی پێدانی ڤیزای یەکگرتنەوەی خێزان بۆ پەنابەران خاوتر و قورستر بووە، ماوەی چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی کاتی چاوپێکەوتن لە چەند کۆنسوڵخانەیەک گەیشتووەتە زیاتر لە ساڵێک و لە بەشێکیشیان پرۆسەکە بە تەواوی ڕاگیراوە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای کۆچبەران دروستکردووە کە چاوەڕێی گەیشتنی کەسوکارەکانیان دەکەن.

ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە ماوەی چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەڵمانیا لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازە، بەڵام بە گشتی پرۆسەکە سستییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە، لە کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر، هاووڵاتییان دەبێت نزیکەی 52 هەفتە (ساڵێک) چاوەڕێ بکەن بۆ وەرگرتنی کاتی چاوپێکەوتن، لە کاتێکدا لە ئێستادا مامەڵەکان لە هەولێر و تاران بەهۆی کێشەی تەکنیکی و زۆریی داواکارییەکانەوە ڕاگیراون، لە تاران پێشتر چاوەڕوانییەکە 10 مانگ بووە.

لە ناوچەکانی دیکەش دۆخەکە جێگیر نییە، لە بەغدا ماوەی چاوەڕوانی زیاتر لە 3 مانگە، لە ئیستەنبووڵ 3 مانگ دەخایەنێت و لە ئەنقەرەش بۆ هاوسەران دەگاتە ساڵێک، بەهۆی ئەم فشارە زۆرە و کێشەی کۆنسوڵخانەکانەوە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە هەولێر و ئیستەنبووڵ ئەرکی وەرگرتنی مامەڵەکان و ناردنی بۆ باڵیۆزخانەکانی گرتووەتە ئەستۆ بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ داواکاران بکرێت.

هۆکاری سەرەکیی ئەم سستییە و درێژبوونەوەی ماوەی چاوەڕوانی، دەگەڕێتەوە بۆ توندکردنەوەی ڕێکارەکان لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە، بەتایبەتی بۆ ئەو پەنابەرانەی کە لە ساڵی 2025 بەدواوە تەنها مافی(پاراستنی لاوەکی)یان وەرگرتووە، ئەمەش وایکردووە پرۆسەی پێدانی ڤیزا لە ڕووی تەکنیکی و کارگێڕییەوە ئاڵۆزتر بێت و کاتێکی زۆرتری پێویست بێت.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو ڤیزایانەی کە بۆ مەبەستی یەکگرتنەوەی خێزان لە نێوان ساڵانی 2024 بۆ 2026 دەرکراون، داتاکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەریدەخەن کە زۆرترین پشکی ڤیزا بەر سووریا و ڕۆژاوای کوردستان کەوتووە، کە تیایدا 9861 ڤیزا بە هاوسەران و 7801 ڤیزا بە منداڵان دراوە، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، 2504 ڤیزا بۆ هاوسەران و 2222 ڤیزا بۆ منداڵان دەرکراوە، هاوکات بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان 2517 ڤیزای هاوسەرگیری و 1309 ڤیزای منداڵان، هەروەها بۆ تورکیا و باکووری کوردستان 1821 ڤیزا بۆ هاوسەران و 1107 ڤیزا بۆ منداڵان دەرکراون.

پرۆسەی یەکگرتنەوەی خێزان، یەکێکە لە مافە یاساییەکانی ئەو کۆچبەرانەی کە مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا پێدەدرێت، کە ڕێگەیان پێدەدات هاوسەر و منداڵەکانیان ببەنە لای خۆیان، لەگەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلەکانی کۆچ لە دەیەی ڕابردوودا، ئەڵمانیا بووەتە یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکانی وەرگری پەنابەر لە جیهاندا، بەڵام گۆڕانکارییە سیاسییەکان، بەرزبوونەوەی دەنگی ڕاستڕەوەکان و فشارە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، بەردەوام کاریگەرییان لەسەر یاساکانی کۆچبەران هەبووە و وایکردووە مەرجەکان قورستر بکرێن، ئەمەش وایکردووە پرۆسەکە لە مافێکی سادەوە ببێتە گەشتێکی درێژخایەن و پڕ لە چاوەڕوانی بۆ ئەو خێزانانەی بەهۆی قەیرانەکانەوە لێک دابڕاون.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

___

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پیرۆزبایی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان دەکات

Harmn

بەریتانیا: ئەندامێکی کۆمیتەی گشتیی و ئەندامانی ناوەندی لەندەن و بێرمینگهام بەشداری یادێکی تایبەت بە کوردیان کرد

Harmn

بۆمبێك بە چەكدارانی حەشدی شەعبیدا دەتەقێتەوە

KDC