داواکاری گشتی و پۆلیسی شاری کۆڵن لە ئەڵمانیا، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە 9 ساڵ پێش ئێستا کچە دووگیانەکەی خۆی کوشتووە و دواتر بەرەو عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵاتووە.
پۆلیسی شاری کۆڵن وێنە و زانیارییەکانی تۆمەتبارەکەی بڵاوکردووەتەوە کە ناوی حەسەن فەیاز جوندییە، لەدایکبووی ساڵی 1972 و باڵای 164 سانتیمەترە، بۆ خێراکردنی پرۆسەی دەستگیرکردنەکەشی، پۆلیس بڕی 5 هەزار یۆرۆی وەک خەڵات دیاریکردووە بۆ هەر کەسێک کە زانیاری دروست بدات و ببێتە هۆی دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارە هەڵاتووە.
ئولریش برێمە، داواکاری گشتیی شاری کۆڵن، هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان، داوا لە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات کە لە کاتی هەبوونی هەر زانیارییەک لەسەر شوێنی مانەوەی ئەو تۆمەتبارە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی رادەستی دادگە بکرێت.
مێژووی سەرهەڵدانی ئەم دۆسیەیە بۆ سەرەتای ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە، لە ئێوارەیەکی ساردی زستاندا لە شاری کۆڵن، کچێکی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی زارێ جوندی کە لەو کاتەدا دووگیان بووە، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە دەکوژرێت و پۆلیسیش راستەوخۆ باوکی کچەکە بە ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار دەکات.
ئەوەی ئەم دۆسیەیەی هێندەی دیکە ئاڵۆز کردووە، رەفتاری تۆمەتبارەکەیە دوای رووداوەکە، حەسەن فەیاز راستەوخۆ دوای کوشتنی کچەکەی، خاکی ئەڵمانیا جێدەهێڵێت و بەرەو عێراق و هەرێمی کوردستان رادەکات، دواتر لەوێوە پەیوەندی بە پۆلیسی ئەڵمانیاوە دەکات و شوێنی فڕێدانی تەرمی کچەکەیان پێدەڵێت، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ئەو باوکە لە دەستی یاسا هەڵاتووە و داواکراوە.
کارزان حەیدەر
