ناوەندی کولتووریی کوردی لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، مەراسیمێکی تایبەتی بۆ خەڵاتکردنی هونەرمەند و دیزاینەری کورد ڕەهیمۆ حسێن ڕێکخست، ئەمەش وەک پێزانینێک بۆ ئەو خەبات و بەشدارییە گرنگەی لە بواری هونەر و پشتیوانیکردنی دۆز و کولتووری کوردستاندا هەیبووە.
بە ئامانجی نیشاندانی دیوە داهێنەرانەکەی گەلی کورد و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە کورد تەنیا لە گۆڕەپانی جەنگدا دەرناکەوێت، بەڵکو خاوەنی پێشەنگ و داهێنەری گەورەیە لە بوارەکانی فیکر، هونەر، ڕەنگ، ڕووناکی و مۆسیقادا، ماڵی ئورزێلک بۆ ڕۆشنبیری و هونەر لە بەلجیکا، مەراسیمێکی تایبەتی ڕێکخست
لەم مەراسیمەدا کە ئەمڕۆ شەممە 6ی حوزەیرانی 2026، کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیریی بەلجیکا لە شاری برۆکسل بەڕێوەدەبەڕێوەچوو، ڕێز لە کاروانە هونەری و کولتوورییەکەی ڕەهیمۆ حسێن گیرا، ڕێکخەرانی چالاکییەکە باس لەوە دەکەن کە گرنگیدان بە داهێنەران و هونەرمەندانی کورد، پشتیوانییەکی گەورە و مانادار دەبێت بۆ کۆبوونەوە و چالاکییە کولتوورییەکان لە ئێستا و داهاتوودا.
ڕەوەندی کوردی لە تاراوگە و بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپا، ڕۆڵێکی کارایان لە بەنێودەوڵەتیکردنی ناسنامە و کولتووری کوردیدا هەیە، هونەرمەندان و داهێنەرانی کورد لە ڕێگەی کارە هونەرییەکان و دیزاینەکانیانەوە، توانیویانە پردێکی بەهێزی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی ڕۆژئاواییدا دروست بکەن و سیمایەکی شارستانی و جوانپەرستانەی نەتەوەکەیان بە جیهان بناسێنن، کە ئەم جۆرە چالاکییانەش بە بەشێکی گرنگی خەباتی مەدەنیی گەلی کورد دادەنرێن.
کارزان حەیدەر
